وتەکانی ڕاوێژکاری ڕووحانی لە بارەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران

“حیسامەددین ئاشنا”ڕاوێژکاری ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران، رایگەیاند کە بەستەری ناڕەزایەتییەکانی شارەکان هەروا درێژەی هەیە چونکە کێشەکان و هۆکاری ناڕەزایەتییەکان چارەسەر نەکراون.
ناوبراو لە وتووێژێکدا لە گەل هەواڵدەریی خوێندکاریی “ئیسنا” کە ڕۆژی ٢١ی بەفرانبار لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، گوتی: بەستێنی ئابووریی نارەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی رابردوو و ناڕەزایەتییەکانی دەیەی ٧٠ وەک یەکن بەڵام بەستێنەکانی کۆمەڵایەتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاویی زۆر جیاوازتر و قوڵتربوون.
لە ناڕەزایەتییەکانی دەیەی ٧٠ دا کە لە شارەکانی مەشهەدا وقەزوین و ئیسلام شەهری تاران ڕوویان دا، خەڵکێکی زۆر لە خۆپێشاندەران کوژران و بریندار بوون، زۆر کەس ڕەوانەی بەندیخانەکان کران و لە نێو بەندییەکاندا بەشێکیان لە سێدارە دران.
ناوبراو لە دریژەی وتەکانی دا دەڵێ” ئامانجی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، ڕووخاندنی دەوڵەت بوو و تازە ئیتر دەوڵەت و شەخسی ڕێبەریش ناتوانن پێش لە ناڕەزایەتی خەڵک بگرن.
حیسامەددین ئاشنا دەڵێ، دەوڵەت ئیتر توانای چارەسەریی کێشەکانی نییە و هیج ڕێگا چارەسەرێکی بۆ نادۆزرێتەوە. هەموو ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە کۆتایی تەمەن خۆیان دان، بێ ئەوەی کە نیزامی ئیسلامیی توانیبێتی جیلێکی دیکە بۆ بەڕێوەبردنی حکوومەت پێبگەیەنێ هەر بۆیە ئەو نیزامە پێویستی بە تازە بوونەوەیەکی گرینگ هەیە.
لە قسەکانی ناوبراودا دەردەکەوێ کە کە چیتر ڕێژیم توانای مانەوەی نەماوە و گەیشتۆتە بن بەست و هیچ ڕێگایەکیشی بۆ دەرباز بوون نییە.