زارا محەمەدی چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی دوای چوار مانگ دەستبەسەر کران ڕەوانەی دادگای شۆرشی سنە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەرمانانی ٢٧١٩(١٨ی سێپتامبری ٢٠١٩)، زارا محەمەدی چالاکی مەدەنی و بەپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی نۆژین دوای چوارمانگ دەستبەسەر کران ڕەوانەی لقی دووی دادگای شۆرشی سنە کرا.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی محەمەدی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕاگەیاند، زارا بە بێ ئاگاداری پارێزەر و تەنانەت بنەماڵەکەی ڕەوانەی دادگا کراوە و ئەوش بوەتە هۆی نگەرانی بنەماڵەکەی.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند بە بێ ئەوەی زارا دادگایی بکرێت بۆ دەستبەسەرگە گەرێندراوەتەوە و لەوانەیە بیانهەوێ بە دانپێدانانی زۆرە ملی حوکمی قورسی بەسەردا بسەپێنن.

زارا محەمەدی، ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧١٩ ( ٢٣ی مەی ٢٠١٩) دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیان کوتایە سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا. هاوکات دوو ئەندامی دیکەی ڕێکخراوی نۆژین بە ناوەکانی ڕێبوار منبەری و ئیدریس منبەری دەستبەسەر کرابوون کە دوای چوار ڕۆژ ئازاد کران، بەڵام زارا پاش مانگێک هێشتا دەستبەسەرە و ئازاد نەکراوە.

ئەنجومەنی نۆژین یەکێک لە ئەنجومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکانی پارێزگای سنەیە کە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەکوو سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکات.