لە بەندیخانەی پەهلەوی‌ڕا بۆ سەنگەری خەبات دژی کۆماری ئیسلامی

قاسم سوڵتانی

ناوم قاسم سوڵتانی‌ـیە لە ساڵی ١٣٣٨ لە مەهاباد لەدایک بووم. لە ڕیزی ئەو بنەماڵە نێونجییانە بووین و باوکم دارتاش بوو. تەمەنی منداڵیم وەک هەر منداڵێکی ئەو سەردەمە بە خوێندن و کارکردن تێپەڕ بوو و، هەتا وەرگرتنی بڕوانامەی دیپلۆم لە بەشی ئابووریدا درێژەم بە خوێندن دا.
هەواڵەکانی شۆڕشی کوردستانی عێراقم لە ساڵی ١٩٧٤ی زایینی لە ڕێگەی ڕادیۆوە گوێ لێ دەبوو و، ئەوەش کارتێکەریی خۆی لەسەر شکڵگرتنی بیری نەتەوایەتیی من دانابوو. دواتر لە ساڵی ١٣٥٤ ئەو کات کە لە قۆناغی دواناوەندی بووم لەگەڵ مامۆستایانێکی وەک کاک حوسێن مەدەنی، کاک کەریم دانشیار و کاک جەعفەر سەعدییە ئاشنا بووم. ئەم مامۆستایانە کە لە تاراوگەوە گەڕابوونەوە زۆر لەسەر بیری نەتەوایەتیی ئێمە شوێندانەر بوون و، بەوپەڕی بوێرییەوە لەو کات و زەمەنە پڕمەترسییەدا بانگەشەی کوردایەتییان بۆ منداڵانی پۆلەکان دەکرد، کە منیش یەکێک لەو منداڵانە بووم. لەبیرمە ئەو کات لە وانەی مێژوودا بابەتێکی تێدا بوو لەژێر ناوی “حکومت پوشالی کوردستان” کە بە سووکایەتییەوە باسی لە کۆماری کوردستان دەکرد؛ ئەم مامۆستایانەی کە ناوم هێناون زۆر بەجوانی ڕاستییەکانیان بەپێچەوانەی کتێبەکە بۆ قوتابییەکان ڕوون دەکردەوە.
هەر ئەم لێک ‌نیزیک بوونەوە لەگەڵ ئەم خۆشەویستانەدا و بەتایبەت کاک کەریم دانشیار بووە هۆی ئەوەی کە زیاتر حیزب بناسم، لە ساڵی ١٣٥٥ بۆ یەکەم جار ڕۆژنامەی “کوردستان”ـم بەدەست گەیشت و خوێندمەوە. لەو سەروبەندەدا کاک کەریم دانشیار کە بەرپرسی تەشکیلاتی نهێنیی مەهاباد بوو، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ وەک: کەریم قادری، پۆڵا نانەوازادە و شەهید تەها کەرباسی و … دەیبردین بۆ شاخەکانی دەوروبەری شار و لەوێ ڕۆژنامەی کوردستانی بۆ دەخوێندینەوە. بەم شێوەیە بوو کە وردە وردە تێکەڵ بە چالاکیی حیزبی بووم.
شەوی جێژنی مەولوودی ١٣٥٦ بوو، کاک کەریم من و شەهید تەها و کەریم ئەفسەردلێری ڕاسپارد بچینە سەر گۆڕستان و لەوێ دروشمێک کە لەسەر کڵێشە دەرهاتبوو بە سپرەی ڕەنگ بینووسینەوە؛ دروشمەکە ئەوە بوو “ما انتقام خون شهدای خود را می‌گیریم.” ئەم دروشمەمان لە هەموو دەوروبەری گۆڕەکانی شەهیدان “سولەیمان موعینی” و “مەلا محەممەد زەنگەنە” نووسی. نەریتی کوردەواری وایە خەڵک سەرلەبەیانیی ڕۆژانی جێژن دەچنە سەر گۆڕستان، کاک کەریم‌ـیش چووبوو و هاتەوە گوتی کارەکەتان دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە لەنێو خەڵکدا و ورەی بەخشیوە بەو خەڵکە، هەمووان پێی خۆشحاڵ بوون.
مانگی جۆزەردانی هەمان ساڵ کە هاوکات بوو لەگەڵ تاقیکردنەوەی قوتابخانەکان، کاک عەزیز یووسفی لە تاران کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەیان لەوێوە هێناوە بۆ مەهاباد، ڕێژیم حاڵەتی حکوومەت نیزامی بەخۆوە گرتبوو، تانکی هێنابووە سەر شەقام و هەموو هێزەکانی لە ئامادەباشیدا ڕاگرتبوو. هیچ کار و چالاکییەکی تایبەت نەکرا هەتا سێ‌ڕۆژەی سەرەخۆشیی کاک عەزیز کە لەوێ کاک جەلیل گادانی و خانمی دەبباغی (خوشکی کاک کەماڵ دەبباغی)، بۆ بەشداربووان سوخەنڕانییان کرد و لەوێ هەستی کوردایەتیی ئامادەبووانیان هەڵخڕاند. لەدوای سوخەنڕانییەکە کاک عومەر قازی لەگەڵ ئاماژەدان بە گۆڕی شەهیدان موعینی و زەنگەنە، دەنگی هەڵبڕی و گوتی ئەوە گۆڕی کەسانێکە کە بەدەستی شای سەگ و سەگباب شەهید کراون. هەر ئێوارێی ئەو ڕۆژە خۆپیشاندانەکانی مەهاباد دەستی پێکرد و، تەلەفوونی شار لەلایەن حکوومەتەوە پچڕا و کۆمەڵێکیش لە خەڵک دەسبەسەر کران.
بۆ سبەینێی ئەو ڕۆژە جوان لەبیرمە تاقیکردنەوەی وانەی بازرگانیمان هەبوو، چووبوومەوە بۆ قوتابخانە، پێش لەوە تاقیکردنەوە دەست پێبکا، “ڕەزی”، جێگری سەرۆکی ساواکی ئەو کاتی مەهاباد، هاتە ئەوێ و پێی گوتم دەبێ بێی لەگەڵمان چەند پرسیارێکت لێبکەین. کاک سولەیمان شاتری بەڕێوەبەری قوتابخانە پێشی پێگرتن و گوتی نابێ بیبەن تاقیکردنەوەی هەیە، بەڵام ڕەزی پێمل نەبوو و گوتی کاری دە دەقەمان پێیەتی.
یەکڕاست بردیانمە شارەبانیی مەهاباد، خەڵکی دیکەشی زۆر لێبوون. بەتەنیا لە دیوێکیان کردم کە چوومە ئەوێ ئایەتوڵڵا مەکارمی شیرازی و ئایەتوڵڵا تاهیری‌ـش لەوێ بوون، تاهیری گوتی: “ئەو منداڵەتان بۆ هێناوە؟” سەرۆکی شارەبانی لە وڵامیدا گوتی: “با بێڕێزیت پێ نەکەم، کارت نەبێ.” دوایەش ئاماژەی بە من کرد کە بمبەنە دەرێ.
پاش هەندێک پرسیار لەوێ بەڕێ کرامە ئیدارەی ساواک کە چوومە ئەوێ زۆرێک لە لاوانی شار گیرابوون وەک: سیامەند موعینی، ئەحەی ئەنجیری، شەهید تەها و … ڕەزی دەستی کرد بە لێپرسینەوە و منیش بەردەوام حاشام لەوە دەکرد کە لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدار بووبێتم، هەتا وێنەکانی نیشان دام و خۆم بینی لە ڕیزی پێشەوە بووم و لە دوای ئەوە زللەیەک و شەپێکی لێدام و دەستووری دا بمبەن بۆ زیندانی شارەبانی.
لەو کاتەدا بەبێ ئەوەی ئێمە ئاگامان لێ بێ کاک جەلیل گادانی و کاک حەسەن ماوەڕانی‌ـش لە تاران دەسبەسەر کرابوون و ناردبوویاننەوە بۆ زیندانی پادگانی مەهاباد.
ژماری ئەو کەسانەی لەو سەروبەندەدا زیندان کرابوون، ٣٦ کەس بوون. بەرچاوترینیان بریتی بوون لە کاک جەلیل، خەلیل و محەممەد گادانی، سەید حەسەن هاشمی، عومەر قازی، حەسەن و قادر ماوەڕانی، حەمەدەمین و قاسم چڕە و … کە بەتاوانی “تجزیەطلبی” دەسبەسەر کرابووین. لێرەدا ئەوەش بۆ مێژوو بگێڕینەوە کە کاک عومەری قازی لە ساواک گوتبووی: “ئێمە “تجزیەطلب” نین بەڵکوو تەجزیە کراوین و دەمانهەوێ پێکەوە بنووسێینەوە.” لەدوای ئەوەی کە خۆپیشاندانەکانی خەڵک ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پەرەی دەستاند و داوای ئازادیی زیندانییانی سیاسییان لە حکوومەت دەکرد. نیوەمان لە مەهاباد بە دانانی بارمتەی ١٠٠ هەزار تمەن و مەرجی بەشداری نەکردن لە خۆپیشاندانەکان بەردراین و، ئەوانی دیکەش نێردرانە ورمێ و لەوێ پاش دە ڕۆژان ئازاد کران، دواتر بۆمان دەرکەوت کە حوکمی ئێمە ئێعدام بوو، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی شۆڕش لە ئێران ئەم حوکمە لەسەر ئێمە جێبەجێ نەکرا و بەناچار ئازاد کراین.
لەگەڵ ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات منیش پەیوەست بووم بە ڕیزی ئاشکرای خەباتی ئەم حیزبە و ئێستا ئەوە پتر لە ٤٠ ساڵە پێشمەرگەم.