ئاوارەیی و ماڵ‌بەکۆڵی لەپێناو بیروباوەڕدا

فەتاح ڕەسووڵی

فەتاح ڕەسووڵی کوڕی ڕەحیم خەڵکی پەسوێی پیرانشارم، لە ساڵی ٤٤دا لەدایک بووم.

لە ساڵی ٥٨ـەوە هەتا ٦٥ پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووم. دوای دابڕانم لە پێشمەگایەتی کاری نهێنی و تەشکیلاتیم لە نێوخۆ دەست پێ‌کرد. هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم هەستیان بە چالاکییەکانم کردبوو، هەر بۆیە زۆر زوو کەوتمە بەر ڕق و چاودێرییانەوە. هەر بەم بۆنەیەوە چەندین جار گیرام و ئەشکەنجەی زۆرم تەحەمول کرد.

جاری یەکەم، ساڵی ٦٦ بوو کە گرووهی زەربەتی نەغەدە بە کووچە و کۆڵانەکانی پەسوێدا بە مەبەستی تۆقاندنی خەڵک دەگەڕان. لەگەڵ خەڵک لەبەر دووکانێک ڕاوەستابووین، ڕۆژێک پێشتر لەسەر تابلۆیەک نووسیبووم «دووکانی لاوان» و لەسەر درگای دووکانەکەمان دابوو. زانیان من نووسیومە، پێیان وتم تو ئێستاش وەدەزانی هەر لە دێموکرات‌دای؟ پێویستە هێندێک سەرت نەرم کەین پەلاماریان دام و بە لێدان و جنێو خستیانمە نێو ماشینێک بەرەو قەرارگای سپای پاسدارانی نەغەدەیان بردم؛ دوای چەندین ڕۆژ لە لێدانم ئازادیان کردم.

جاری دووهەم، هەر لەو ساڵەدا بۆ کڕینی کەلوپەلی ماڵێ چوومە نەغەدە. بێ‌ئاگا لەوەی کە بەدوامەوەن، ویستم بچمە ماڵی خزمێکمان لە کۆڵانەکەدا لە دوو لاوە دەوریان دام و، تفەنگیان لەسەر سەر ڕاگرتم و گوتیان سواری ماشێن بە. هەتا ۱۱ی شەو هەر لێیان دام، دوایی بەریان دام لە ئازاری لەشم ناونیشانی ماڵی خزمەکەمانم لە بیر چووبۆوە و لە ناچاریدا خۆم بە مزگەوتێکدا کرد و هەتا بەیانی لەوێ مامەوە.

جاری سێهەم، ساڵی ٦٨ پاش تەواوبوونی سەربازییەکەم کە لە تاران بووم، دیسان گوشارەکان لەسەرم توندتر بوونەوە. ئەم جار هەوڵیان دەدا لە ڕێگای کەسێکەوە پەروەندەم بۆ دروست کەن. لە ئیتلاعاتی سپای نەغەدەوە بانگ کرام و چووم، چاویان بەستم و وتیان تۆ وەک فەرماندە ساڵی ئەوەندە دەگەڵ پۆلێک لە پێشمەرگان چەند کەست لە هێزەکانی ئێمە بە دیل گرتوە و پاشان ئاورت لە داراییەکانی حکوومەت بەرداوە و خەساری چەند میلیۆن تمەنییت پێ‌گەیاندووین و، لە لێکۆڵینەوەکانیشتدا ئەوەت شاردوەتەوە. من هەر نەچوومە ژێر باری ئەوە و گوتم کە بوختانە و من لە عەمەلیاتی وادا بەشداریم نەکردوە. دەمزانی کە زوو لێم تووڕە دەبن و لە ناکاو زلـلەیەکی وایان لێ‌دام لای ڕوومەتی چەپم هەر گڕی لێ‌هەڵدەستا.

وتیان شایەدمان هەیە ئەوەتا لەلات دانیشتوە کە چاویان کردمەوە بەڵێ کەسێک بە ناوی «خ. گ» کە خەڵکی ناوچەی نەغەدە بوو،و لەگەڵ ئێمە پێشمەرگە بوو و پێش گەڕانەوەی من هاتبۆوە، لەوێ دانیشتبوو. لێیان پرسی دەیناسییەوە؟ ئەوە هەر ئەو کەسەیە کە باست دەکرد؟ وتی بەڵێ خۆیەتی. گوتم بەڵێ منیش ئەوە دەناسم بەڵام لەگەڵ ئێمە نەبووە، دوایی داوام کرد کە بۆ چەند ساتێک بەتەنیا بین ئەوان چوونە دەرەوە بە هەموو هێز و توانای خۆم زللـەیەکم لێدا. کەسێکی زۆر ترسەنۆک بوو، بەسەریدا گوڕاندم و پێم گوت لەسەر من زانیاری دەدەی، بەڵام ئەگەر تۆش لەگەڵ نەبوویە چووزانی ئەو کارانە من کردوومە؟ کەوایە تۆش بە چارەنووسی من گرفتار ئەبی. پێیان بڵێ من هەڵەم کردوە و ئەوە هەو نییە ئەگینا ژیانت لێ‌ تاڵ دەکەم؛ لە قسەکەی خۆی پاشگەز بووەوە دوای چەند ڕۆژ ئازاد کرام.

لە ساڵی ٦٩ و هەر لە شارەدێی پەسوێ کە پێگەی گوردانی ئیمام ڕەزای سپای پاسدارانی لێ‌بوو، برایەکمیان دەسبەسەر کرد. دوای ئەوەی ئاگادار بوومەوە بەرەو شوێنەکە وەڕی‌کەوتم لەگەڵ گەیشتنم دەسبەسەر کرام و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژان لەوێ هێشتیانمەوە. دوایی گوستیانمەوە بۆ زیندانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی پیرانشار لەو ماوەیەدا هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و دەروونییان لەسەر تاقی کردمەوە.

چاودێری و فشارەکانی هێزە سەرکوتکرەکانی ڕێژیم زۆر بە چڕی بەردەوام بوون. کاتێک پێشمەرگەکانی حیزب لە ناوچەکان خەریکی جووڵەی پێشمەرگانە بوون، بە نووسراوە لە وەزعیەتی ژیانی ئاڵۆزی خۆم ئاگادارم کردنەوە هاوڕێکانیشم هەر بە نووسراوە وڵامیان بۆ ناردمەوە کە ئەگەر گیانت لە مەترسی‌دایە بگەڕێوە نێو هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەڵام پێش لەوە ئیتلاعاتی سپای نەغەدە هەواڵی ئەم پێوەندییەی پێگەیشتبوو و لە نێو شاری نەغەدە لەسەر شەقام پەلاماریان دام و بردیانم. بۆ ماوەی ۲ مانگ لەژێر ئەشکەنجەدا بووم و بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێم ئازادیان کردم.

هەر لەم ساڵەدا سەرتاشخانەم لە شارەدێی گردکشانە دانا. ناوی دووکانەکەم نابوو «کاوە» ، بەڵام هەر بە بیانووی ئەوەی مەبەستێکی لەپشتە لە لایەن چەند کەسی ئیتلاعاتی سپا ڕژانە سەرم و قۆڵبەستیان کردم و بردیانم بۆ پیرانشار. گوشارەکان لەسەر من ئەوە بوون کە بۆچی واز لە هاوکاریی دێموکرات ناهێنی؟ بوویەتە چاوساغیان و دەیانشاریەوە و تەنانەت لە دووکان قژ و ڕیشیان بۆ چاک دەکەی، ئەی بۆ دووکانەکەت بە ناوی کاوەیە؟ ئەم جاریش ٧٥ ڕۆژ بە لێدان و ئەشکەنجە ڕایانگرتم.

لەبەر فشاری هێزەکانی پیرانشار و نەغەدە بۆ ماوەی ٣ ساڵ چوومە شارەکانی هەمەدان و دواتر ورمێ و دوای ئەم ماوەیە گەڕامەوە بۆ زێدەکەی خۆم. بەڵام دوای ماوەیەک هێزە جیاجیاکانی پیرانشار هەر جارێ یەکیان بۆ ماوەیەکی ٧-٣ ڕۆژە دەیانگرتم و ئازاریان دەدام؛ هەتا وای لێهات حاجی هادی، فەرمانداری پیرانشاریش بۆخۆی بە تەلەفوون هەڕەشەی لێ‌دەکردم.

ئیتلاعاتی سپای نەغەدە ئاگاداریان کردمەوە، دەبێ لە ماوەیەکی کورتدا بە بنەماڵەوە بە حوکمێکی زارەکی بۆ ماوەی ٣ ساڵان کوردستان بەجێ بهێڵم و بەبێ ئەوەی تەنانەت کەسوکاریشم ئاگادار بکەمەوە، بچمە ئەردەبێڵ. لە ساڵی ٧٤ەوە بۆ ٧٨ لەوێ بووم.

دوای گەڕانەوەم کارگەیەکی بلووک‌بڕییم دانا. نزیک بە ٥٠ کەس لەو کارگایەدا کاریان دەکرد و بژیوی بنەماڵەیان دابین دەکرد. بەڵام دیسانیش گوشار و هەڕەشەکانی هێزە ئەمنیەتییەکان زۆر توندتر لە جاران دەستی پێ‌کردەوە و، هەر جارە یەکێک لە ناوەندە ئەمنیەتییەکان بە تەلەفوون و خۆ نیشان‌دان دەیانخستمە ژیانێکی ترسناک و نائاساییەوە. هەر ئۆرگانێک بەجیا بانگیان دەکردم و بەڵێننامەیان پێ واژۆ دەکردم.

درێژەی هەیە…