دەسبەسەکردنی زیاتر لە ۱۶۵ چالاکی سیاسیی کورد لە وەرزی یەکەمی ۲۰۲۰دا

هەر لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا ۱۶۵ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگایی‌کرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و ۷۲ کەس لەوان دادگایی کراون و حوکمی ۴ مانگ هەتا ۱۶ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە. بەپێی وردبینییەکان ئەم ۷۲ بەندییە سیاسییە سەرجەم ۳۰۱۵ مانگ (۲۵۱ ساڵ و ۳ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها بەندکراوێکی سیاسیی کوردیش بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم حوکمی ئێعدامی دراوەتێ.
ئەم ڕێژە زۆرە لە بەندکردنی چالاکانی سیاسی لە وەرزی یەکەمی ئەمساڵ و سەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەوان لە حاڵێکدایە کە دەزگا ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ۲۰۱۹شدا ۷۳۸ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردیان بەتۆمەتی هەوڵدان لەدژی ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کردبوو.