بە منداڵێکەوە لە بەندی دوژمندا

مەعسوومە ئەحمەدپوور

ئەمن مەعسومە ئەحمەدپوور ساڵی ١٣٣٩ لە ئاوایی گوێجگەلی سەر بە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان لەدایک بووم. ساڵی ١٣٥٨ لەگەڵ محەممەد شەهرەوان کە خەڵکی گوندی برایماباد بوو، ژیانی هاوبەشمان پێک هێنا و بەرهەمی ئەم ژیانەمان ٤ منداڵە، کوڕێک و ٣ کچ.
هەر ئەم ساڵەی شووم بە شەهرەوان کرد، ئەو هاتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتەوە. ساڵێک دواتر گوندەکەمان لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیرا و، ئەوە بووە دەسپێکی ژیانی ئاوارەیی ئێمە. هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە دڕندانەترین شێوە لەگەڵ خەڵکی کوردستان بەتایبەت ئەو ناوچانەی وا پێشمەرگەیان تێدا بوو؛ هەڵسوکەوتیان دەکرد. ئێمەش لەو ئازار و ئەزیەتانە بێبەش نەبووین و، هەر بۆیەش بۆ ماوەیەکی کاتی ئەوێمان بەجێهێشت و ڕوومان لە شاری بۆکان کرد. لە ماوەی ئەو ساڵانەدا هەتا هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات بوو، گونداوگوند و شارەوشارێکی زۆرمان کرد.
دواتر کە خەباتی پێشمەرگانە لە شار و دێهاتەکانی ڕۆژهەڵات پاکشەی پێکرا، بنەماڵە حیزبییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان جێگیر ببوون، بنەماڵەی ئێمە لەگەڵ بنەماڵەی شەهید وەستا ئەحمەد لە هەڵەبجە بووین. دوا بە دوای هاتنی سپای پاسداران بۆ هەڵەبجە لە ساڵی ۱۳۶۶ و گرتنی ئەو شارە، لەگەڵ ئەوین (خێزانی وەستائەحمەد) و ئێران (خێزانی کاک عوسمان خورشیدی) پێکەوە چووینە ماڵی ناسیاوێک. لەوێ بووین کە شاری هەڵەبجە بە بۆمبی شیمیایی لێی درا و ئێمەش بە هەڵات هەڵات و بە نێو جەنازەی خەڵکیدا وەڕێ کەوتین بۆ دەرەوەی شار. ئێستاش وەبیرم دێتەوە دیمەنێکی ترسێنەر و دڵتەزێن بوو کە قەت قەتم لەبیر ناچێتەوە. وێڕای ئەو هاوڕێ ژنانەی وا لەگەڵم بوون و هەرکاممان منداڵ بەدەست، ئەمن لەگەڵ ئەوەی ڕزگاری کوڕم لەگەڵ بوو، دووگیانیش بووم. ئیدی بەو دۆخە نالەبار و دڵەڕاوکێیە هەرچۆنێکی بوو خۆمان گەیاندە بنکەیەکی پێشمەرگەکانی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان. لەوێ کە زانییان خەڵکی ڕۆژهەڵاتین یەک لە پێشمەرگەکان ڕێنمایی کردین و بەرەو ڕۆژهەڵات بەڕێیان کردین. لە پاوە و دوای پشکنین و لێپرسینەوەیەکی زۆر هێزەکانی ڕێژیم بۆیان دەرکەوت کە ئێمە بنەماڵەی پێشمەرگەین و دەسبەجێ دەستبەسەریان کردین. ئەو کاتی کە لە زیندانی شاری پاوە بووین، فڕۆکە شەڕکەرەکانی حوکمەتی بەعس بۆمبارانی زیندانی شاری پاوەیان کرد. ئێمە بەرنەکەوتین بەڵام زۆر زیندانیی دیکە شەهید و بریندار بوون. لەو بشێوییەدا کە دۆخەکە ئاڵۆز ببوو و دیواری زیندان ڕووخابوو، دەمانەویست هەڵێین، بەڵام ناشارەزا بووین و هەر بۆیەش لەوێ ماینەوە و دوایە بەڕێی زیندانی ورمێیان کردین کە بۆ ماوەی ٦ مانگ و نیو لەوێ ماینەوە. لەو ماوەیەدا بە دەیان جار چاویان دەبەستین و دەیانبردینە ژووری لێپرسینەوە و دەیانپرسی: لە بۆکان کێ دەناسی هاتوچۆی مێردەکەتی کردبێ؟ مێردەکەت زۆرتر دەچووە ماڵی کێ لە گوندەکان؟ ئەو ماڵانەی جێگای سازمانییان بوو، لە کوێ بوون؟ پێت خۆشە مێردەکەت خۆی تەسلیم کاتەوە؟ مێردەکەت چ جۆرە خواردنێکی پێ خۆشە؟ زۆر دەخەوێ؟ ناوی ئەو کەسانەی کە هاوکاریی مێردەکەتیان دەکرد، چین؟
ڕۆژێکی ئەمن و ئەوین و ئێرانیان بانگ کرد و، لەوانی دیکەیان جودا کردینەوە و سواری ماشێنیان کردین و بردیانین. دوای چەند سەعات ڕۆیشتین دایانبەزاندین و بە چاوی بەستراوەوە بردیانینە ژوورێک، دوایە زانیمان زیندانی شاری بۆکانە. لەوێش بە هەمان دەستووری پێشووتر هەموو ڕۆژێ بە چاوی بەستراوەوە دەیانبردمە ژووری لێپرسینەوە و، دیوێک کە تەختێکی بزمارڕێژی لێبوو دەیانگوت ئەگەر وڵامی ڕاستمان نەدەیەوە دەبێ لەسەر ئەو تەختەیە ڕاکشێی. من حاشام لە هەموو شتێک دەکرد و ئەوانیش بە کابل لێیان دەدام. زۆر جاران پێیان دەگوتم ئەوە محەممەدیان کوشتووە دەبێ بێی، تەمەشای جەنازەکەی بکەی، هێندێک جار دەیانگوت محەممەد خۆی تەسلیم کردۆتەوە و ئێستا دێ بۆ لات. ئەوین خێزانی وەستا ئەحمەد چونکی بۆخۆی پێشمەرگە بوو، پتر لە ئێمە ئەشکەنجە دەدرا.
جاشێکی لێ بوو بەناوی «حوجەتی» خەڵکی سایینقەڵا کە خاڵی بە دەستی پێشمەرگە کوژرابوو، زۆری ئەزییەت دەکردین هێندێک جار لە ڕزگاری کوڕمی دەدا و وەگریانی دەخست.
تا ماوەی یەک مانگ خزم و کەسمان نەیاندەزانی ئێمە لە کوێین، زۆر جاران جنێو و قسەی سووکیان پێدەکوتین، کەسێک لە زیندان چاوی بە ئێمە کەوتبوو و بە ماڵێی ڕاگەیاندبوو، جا ئەو جار دایکم و بابم و خەزوورم هاتنە چاوپێکەوتنمان.
ڕۆژێکی سەربازێکی کورد بە هێواشی بانگی کردین گوتی ئێوە کێن ناوی مێردەکەتان بڵێن. ئێمە دەترساین بەڵام هەموو پێمان گوت، کە زانی بنەماڵەی پێشمەرگەین زۆرمان بۆ چاک بوو. بەنهێنی میوە و شتی بۆ دەهێناین و دەیگوت نابێ کەس بزانێ و نابێ ئاسەواری میوەکەتان بەجێ بێڵن، زۆریشی هەوڵ دا کە دەرەتانی ڕاکردن لە زیندانمان بۆ بڕەخسێنێ، بەڵام بۆی جێبەجێ نەبوو. ڕووداوێکی زۆر ناخۆش، ئێستاش کە وەبیرم دێتەوە و دەمخاتە گریان؛ ڕۆژێک نەرمین و نەسرینی کچمیان هێنا بۆ ملاقاتم. کە چاوم پێیان کەوت ویستم لە باوەشیان بگرم و ماچیان بکەم بەڵام نەیانهێشت. هەر لە دوورەوە هەم ئەوان و هەم من دەگریاین، نازانم چۆن نەمردم! دوای ٣ مانگ مانەوەمان لە زیندانی بۆکان بردیانینەوە زیندانی ورمێ و دوای چەند ڕۆژێک بانگیان کردم و سواری ماشێنیان کردم. زۆر دەترسام. هێنایانمەوە زیندانی بۆکان و بە زەمانەت و دانانی بارمتە تەحویلی براکەم درام. دیارە هۆکارەکەی ئەوە بوو کە دووگیان بووم و کاتی منداڵبوونم بوو، سەرباری ئەوەش حەوتووی ڕۆژێک دەبوو بچم و ئیمزا بدەم. ڕۆژێک کە چووم بۆ ئیمزاکردن پاسدارەکان زۆر خۆشحاڵ دیار بوون وێنەیەکیان نیشان دام. گوتیان ئەوە دەناسییەوە؟ کە چاوم پێی کەوت تەرمی شەهید وەستا ئەحمەد بوو. بەخۆم نەبوو دەستم کردە گریان. گوتیان ئەوە بۆ وەستا ئەحمەد دەگری کە کوشتوومانە؟ خەزوورم لەگەڵ بوو گوتی نا بۆ دەردی خۆی دەگری…
لە دوای شەهیدکرانی وەستا ئەحمەد مەترسیی گیرانەوەم لەسەر بوو. بۆیە لەو ماوەیەدا زۆر ئاوارە بووم و ژیانێکی تەواو نهێنیم هەبوو. هەتا بڕیار درا ماڵ و منداڵی پێشمەرگەکان بنێرن بۆ سەردان و بەو بۆنەیەوە بتوانن پێشمەرگەکان بێننەوە و خۆ ڕادەست بکەن. لە نیوەی ڕێگا و لە شوێنێک گوتیان نابێ بچن بۆ سەردانیان و دەبێ بگەڕێنەوە. لەوێ بڕیاری خۆم دا و بە ناشارەزایی و بە چوار منداڵەوە ڕووم لە سنوور کرد هەتا گەیشتمە بنکەی حیزب لە ڕانیە و لەوێ لەگەڵ محەممەد بە دیداری یەکتر شاد بووینەوە و، دەبێ بڵێم ژیانێکی نوێمان دەست پێ کردەوە.