شکاندنی شکۆی خاوەن‌شکۆ!

کامیل ئوستادئەحمەدی

لە بەشی یەکەمی بیرەوەرییەکانمدا، باسی دەسبەسەرکرانەکەمانم کرد. گیران و بڕیاری ئێعدام بە واتای کۆتایی هاتن بە ژیانی شۆڕشگێڕانەمان نەبوو، بڕیارمان دا قفڵی زیندان بشکێنین و داخێکی وەها گەورە بە دوژمن هەڵێنین کە ئەو برینەی بەئاسانی بۆ ساڕێژ نەبێ.

کاک لوقمان و کاک کارۆ -کوڕە تاقانەی بنەماڵەکەی- بە هەماهەنگی و داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی دروست، توانیان شەوی ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی بە کردنەوەی ٢٥ قفڵ سەرەڕای هەموو بارە ئەمنیەتییەکەی زیندان، دەربازیان کردین. بە زووترین کات لە زیندان و شار وەدەر کەوتین، ئەوەش بەرپرسانی سیاسیی ئیتلاعات و هاشم‌زادە بەرپرسی دادگای شۆڕشی مەهابادی تووشی سەرسووڕمان کرد و؛ هەر ئەو شەوە کە دەزانن لە تاران و ورمێ‌ڕا دەگەنە زیندانی مەهاباد و فرمێسکی نائومێدی و شەرمەزاری هەڵ‌دەڕێژن.

بەرپرسانی ئیتلاعاتی و نیزامیی شار و پارێزگا زۆر شێلگیر بوون و هەتا ڕادەیەک دڵنیا کە دەمانگرنەوە، ئێمەش پڵینگ‌ئاسا هەر ئەو شەوە سەرەڕای سەرما و سەخڵەتی زۆر بەبێ پیڵاو و هەر بە سەر‌پایی زیندانەوە خۆمان گەیاندە بناری شاخەکانی مەهاباد.

بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە خاڵێک بکەم، دوای دەربازبوون لە زیندان تا گەیشتینەوە بنکە و بارەگاکانی حیزب بۆ ماوەیەی نیزیک پەنجا شەو و ڕۆژ لە ناوچەکانی کوردستان ماینەوە و، لەو ماوەیەدا خەڵکی ناوچەکانی مەهاباد و بە تایبەتی خەڵکی ناوچەکانی شنۆی پێشمەرگەپەروەر سەرەڕای هەموو فشارێکی سپای پاسداران و ئیتلاعات و سووڕانەوەی بەردەوامی هێلیکۆپتێر و کەشی ئەمنیەتی، بەو پەڕی فیداکارییەوە بە هانامانەوە هاتن. لە سەرمای تاقەت‌پڕووکێنی ئەو ساڵە و ناوچە شاخاوییەکانی کوردستاندا تەنیا ورەی گەڕانەوە بۆ باوەشی هاوسەنگەرانمان و درێژەدان بە خەبات بوو، کە ڕێگا پڕ کەند و لەندەکان و پەڕینەوە لە ئاوی بەخوڕی چۆمانی پێ دەبڕین.

لە هەموو ئەو ماوەیەدا تەنیا دوو شەو لە ماڵاندا ماینەوە و ڕاخەرمان هەبوو دەنا تەواوی ماوەکەی دیکە لە نێو بەفر و سەهۆڵدا دەماینەوە و، ئەوەندەمان خورما و قەند لە برسییەتییدا خوارد بوو شەکراومان بە زاریدا دەهاتە خوار. بێجگە لەوەی حەمام و خۆشوشتن هەر نەبوو، ئەسپێشمان هەڵێنا بوو.

خۆشترین کاتەکان ئەوە بوو هاوڕێیان کاتی خەوتن سەریان وەسەر ڕانی من دەکرد و، زۆر جاریش بۆ بەرز کردنەوەی ورەی هاوڕێیان دەمگوت: “مردوو مردوو خۆرەکان لە پێناوی گەل و نیشتماندا، شانازییە وەرن کوڕینە ڕانم لێ کەنەوە و بیبرژێنن و بیخۆن.” دەبوو بە پێکەنین و شادی و هەموو تاڵ و سوێرییەکانمان لە بیر خۆمان دەبردەوە.

دیارە هاوکاری و پشتیوانیی خەڵک بە ئێمە و حیزبی خۆشەویستی خۆیان شتێکی نوێ نییە و بە درێژایی مێژووی ئەم خەباتە ڕیشەی داکوتاوە و، خەڵکی کوردستان هەمیشە یار و یاوەر و هاوکاری پێشمەرگە و حیزب بوون و بە ئەرکی نیشتمانیی خۆیانی دەزانن؛ بەڵام جێگای خۆیەتی لەم کورتە نووسینەدا پڕ بە دڵ سپاسیان بکەم و هیوادارم ڕۆژێک دابێ حیزبی دێموکرات ئەو کەس و بنەماڵانە خەڵات بکا و ڕێزیان لێ بگرێ. هەر ئەوەش وا دەکا کە ئێمەش هەتا سەر و سەرکەوتن لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بین و بە هەموو توانامانەوە لە خزمەت گەیشتن بە ئامانجەکانی حیزب و نەتەوەکەماندا بین.

دوای گەیشتنەوەمان بۆ نێو بنکە و بارەگاکانی حیزب، لە مەراسمێکی پڕ شکۆدا بەخێر هاتنەوەیان کردین وەک شەهیدی زیندوو لە ئامێزیان گرتین، بە جۆریک کە فرمێسکی شادی لە چاوی هەموو بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە وەک بارانە دەهاتنە خوار، وتەکانی بەڕێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە وەک سکرتێری گشتیی ئەو کات و، پەخشانی بلاوێنی مامۆستا بێ‌بەش و شێعری شەهید سوهەیلا قادری و؛ شادی و خۆشی و هەڵپەڕینی بێ‌وێنەی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ هەمیشە بە زیندوویی لە بیرماندا دەمێننەوە.

دوای ئەوەی کە هاتمە دەرەوەی وڵات بۆ ماوەی دوو ساڵ لەژێر چاودێریی دوکتور و شارەزایانی دەروون‌ناسییدا بووم، ئاسەواری ئەشکەنجە جەستەیی و ڕۆحییەکان بۆ هەمیشە لە فکر و دەروونی زیندانییدا دەمێنێتەوە؛ هەرچەند ئێستاش خەوێکی ئاڵۆزم هەیە بەڵام ئیمان و باوەڕ بە خەبات و تێکۆشانی ڕەوای گەلەکەم ورەم دەداتێ و، ساڵانە بۆ ماوەی چەند مانگ لە بنکەکانی حیزب دەمێنمەوە و؛ دیداری هاوسەنگەران و پێشمەرگە ئێسک‌سووکەکانی حیزبەکەم هێدییم دەکاتەوە و زۆر لە پەژارەکانم دەڕەوێنێ.

بە هیوای وەدی‌هاتنی ئامانج و ئاواتی لەمێژینەی نەتەوەکەمان و ئاواتەخوازم لە کوردستانێکی ئازاد و سەربەستدا بە دیداری خۆشەویستانمان و بنەماڵەکانمان شاد بینەوە.