ژنێکی چالاکی کورد لە ورمێ حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

خۆڕاگری: دایک و کچێکی خەڵکی ورمێ کە ماوەی ١١ مانگە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیراون، لە لایەن دادگای شۆڕشی ورمێ دادگایی کران.


رۆژی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕی ١٣٩٩ دانیشتنی دادگای دوو بەندکرای سیاسی لە بەندیخانەی ورمێ بە ناوەکانی ” شاناز(بێریڤان) سادقی فەڕ” و کچەکەی بە ناوی “ئایناز زارع” لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر شێخلوو بەڕێوە چوو.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شاناز سادقی فەڕ تەمەن ٣٢ ساڵ، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرای بە سەردا سەپا و بە فەرمی ئەو حوکمەیان پێ ڕاگەیاندووە. تا ئێستا هیچ حوکمێک بۆ ئایناز زارع رانەگەیەندراوە.




یەکێک لە نزیکەکانی ئەو بەندکراوە سیاسییە راگەیاند کە شاناز سادقی فەڕ پێش گەڕانەوەی بۆ ئێران ئەمان نامەی وەرگرتبوو، بەڵام پاش گەڕانەوە دەستبەسەر کراوە و حوکمی قورسی بە سەردا سەپاوە.


شاناز سادقی فەڕ و کچەکەی بە ناوی ئایناز زارع پاش دەستبەسەرکران لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ماوەی دوو مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعات راگیرابوون و خەزەڵوەری ساڵی پار بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بەڕێ کراون.