سێ کەسی خەڵکی کامیاران حوکمی ٨ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپا

سێ کەس لە ئەندامانی حیزبی یەکیەتیی نەتەوەیی لە کامیاران حوکمی ٨ ساڵ و ٨ مانگیان بۆ بڕایەوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی هەنگاو، دوای بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگای ١٠ کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی و ئەندامانی لقی کوردستانیی حیزبی یەکیەتیی نەتەوەیی، حوکمی سێ کەسیان ڕاگەیەندراوە.
ڕۆژی پێنج‌شەممە ١٢ی پووشپەڕی ٩٩ـی هەتاوی، دانیشتنی دادگا سەبارەت بە تۆمەتی ١٠ کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی و بەشێک لە ئەندامانی لقی کوردستانیی حیزبی یەکیەتیی نەتەوەیی، لقی کوردستان لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری سنە و بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی، بەڕێوە چووە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی بەندکرانی سێ کەسیان ڕاگەیەندراوە.
بە پێی ئەو حوکمە، “ئامانج قوربانی” ڕۆژنامەنووس و کارمەندی ئیدارەی ژینگەپارێزیی کامیاران حوکمی ٣ مانگ و یەک رۆژ بەندکران، “فازڵ قەیتاسی” ئەندامی حیزبی یەکیەتیی نەتەوەیی، حوکمی ٢ مانگ بەندکران و پێنج ساڵ بەند کرانی هەڵپەسێردراو و”سیروان قوربانی” ئەندامی بەڕێوەبەریی لقی کوردستانیی حیزبی یەکیەتیی نەتەوەیی، حوکمی ٣ مانگ بەندکران و ٣ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراویان بە سەردا سەپاوە.
شایانی باسە کە ئەو سێ کەسە لەگەڵ ٧ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی بەختیار کەمانگەر، هادی کەمانگەر، عیسا فەیزی، مێهدی قوبادی، ڕاشد مونتەزەری، خالید زەمانی و فەرزاد حوسێنی بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات” و هاوکاریی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەو حوکمەیان بە سەردا سەپا بوو.
هەروەها جێگەی ئاماژەیە کە ئەو ١٠ هاووڵاتییە لە مانگی بەفرانبار و ڕێبەندانی ساڵی ٩٧ـی هەتاوی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و لە ئێستادا بە دانانی بارمتە لە دەرەوەی بەندیخانەن.