چوار چالاکی ژینگەپارێز حوکمی ١٤ ساڵ و ٢ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپا

خۆڕاگری: دوایی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگای ١٠ کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی و ئەندامانی لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللی، حوکمی چوار کەسیان ڕاگەیەندراوە.


ڕۆژی پێنجشەممە ڕۆژی ١٢ی پووشپەڕی ١٣٩٩(٢ی ژوئیەی ٢٠٢٠) دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتی ١٠ کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی و بەشێک لە ئەندامانی لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللی لقی کوردستان لە لقی یەکەمی دادگای شۆرشی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بەڕێوەچووە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو حوکمی بەندکرانی سێ کەسیان ڕاگەیەندراوە.


ئەو ١٠ کەسە بە ناوەکانی ئامانج قوربانی، سیروان قوربانی، فازڵ قەیتاسی، بەختیار کەمانگەر، هادی کەمانگەر، عیسا فەیزی، مێهدی قوبادی، ڕاشد مونتەزەری، خالید زەمانی و فەرزاد حوسێنی بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات” لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی دا دادگایی کرابوون.


لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی ٤ کەسیان بە فەرمی ڕاگەیەندراوە کە سەرجەم حوکمی ١٤ ساڵ و ٢ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە و بە شێوەی خوارەوەیە؛
١_ هادی کەمانگەر، ژینگەپارێز و ئەندامی پێشووی لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللی حوکمی ٦ مانگ بەندکران و ٥ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بە سەردا سەپاوە.
٢_ فازل قەیتاسی، ئەندامی حیزبی وەحدەتی میللی حوکمی ٢ مانگ بەندکران و پەنج ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بە سەردا سەپاوە.
٣_ سیروان قوربانی ئەندامی بەڕێوەبەریی لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللی حوکمی ٣ مانگ بەندکران و ٣ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپاوە.
٤_ ئامانج قوربانی، ڕۆژنامەنووس و فەرمانبەری ئیدارەی ژینگەپارێزی کامیاران حوکمی ٣ مانگ و یەک رۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.


حوکمی سەپێندراو بە سەر ٦ کەسی دیکە هێشتا ڕانەگەیندراوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەو ١٠ هاووڵاتییە لە مانگی بەفرانبار و ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٩(٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و لەئێستادا بە دانانی بارمتە لە دەرەوەی بەندیخانەن.