شاناز سادقی‌فەڕ مانی لە خواردن گرتووە

خۆڕاگری: شاناز سادقی‌فەڕ، بەندکراوی سیاسی کورد لە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا، مانی لەخواردن گرتووە.


شاناز سادقی‌فەڕ، بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە، لە ڕۆژی سێشەممە ٧ی گەلاوێی ٩٩ (٢٨ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بە سەپاندنی حوکمی ١٥ ساڵ بەندکران لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتەوە، مانی لە خواردن گرتووە.


شاناز (بێریڤان) سادقی‌فەر ڕۆژی ٣١ی پووشپەڕ (٢١ی ژوئیە) لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو موحاکمە و بە تۆمەتی ”ئەندامەتی لە حیزبێکی دژبەری حکوومەت“ حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ناوبراو لە ڕەوتی دانیشتنی دادگا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.


یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی سادقی‌فەڕ وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، شاناز مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی لەو حیزبە جیابووەتەوە لە ئیدارەی ئیتلاعات ئەماننامەی وەرگرتووە و دواتر لە سنووری بانەوە گەڕاوەتەوە ئیران و لە کاتی دەستبەسەر کران بەڵێنییان پیدابوو کە تەنیا چەند ڕۆژ دەستبەسەر دەکرێت،بەڵام ١١ مانگە دەستەبسەر و ئێستاش حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و هەر بەو هۆیەش مانی لە خوارن گرتووە.