سەپاندنی حوکمی ٢ ساڵ زیندانی بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان

دوو ساڵ زیندانی بەسەر گیراوێکی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری مەریواندا سەپێندرا.

بە پێی ڕاپۆرتی “چاونیوز″، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کەسێک بە ناوی “بەختیار ڕەحیمی”، یەکێک لە چالاکانی کرێکاری خەڵکی سەقز و دانیشتووی شاری مەریوان لە لایەن دادگای ئەو شارە بە تۆمەتی “هەوڵ‌دان بۆ تێک‌دانی ئاسایشی نەتەوەیی” دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

ناوبراو ٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی لە شوێنی کارەکەی خۆی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراو دوای نزیک مانگێک بە دانانی بارمتەی سەد میلوێن تمەنی ئازاد کرا بوو.

شایانی باسە، دەسبەسەر کردن و سەپاندنی حوکمی زیندان بەسەر خەڵکی کوردستان بە تایبەت لاوان بە شێوەیەکی سیستماتیک لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە بیانووی جۆراوجۆر بەردەوامە، بە چەندان کەس لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و کرێکاری تەنیا بە هۆی داواکردنی مافەکانیان دەسبەسەر کراون و خراونەتە بەندیخانەکانەوە و زۆربەشیان چارەنووسیان نادیارە.