نامەی ٣٨ ڕێکخراوی مەدەنیی کوردستان ڕوو لە حەسەن ڕووحانی

٣٨ ڕێکخراوی مەدەنیی کوردستان سەبارەت بە زمانی دایکی و سزای زارا محەممەدی نامەیەکییان ڕوو لە حەسەن ڕووحانی بڵاو کردوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٩، ٣٨ ڕێکخراوی مەدەنیی کوردستان لە نامەیەکی هاوبەشدا بۆ “حەسەن ڕۆحانی”، سەرۆک کۆماری ئێران داوایان کرد کە سیاسەتی هەڵاواردنی زمانە نافارسییەکان لە ئێران نەمێنێ و پێ‌دا چوونەوە بە سەر سزای بەند کرانی زارا محەممەدی، چالاکوانی مەدەنیی کورددا بکرێ.

لەو نامە هاوبەشەدا ئاماژە بە سیاسەتی تاک‌زمانی و سڕینەوەی زمانە نافارسییەکان لە سەردەمی پێش کۆماری ئیسلامی کراوە و تێیدا هاتوە: “بە ڕووخانی ڕێژێمی پەهلەوی، هیوا و خولیاکانی خەڵک، سیاسەت‌وانان و بیرمەندانی بۆ هاتنە ئارای سیستمێکی مرۆڤ‌سەروەریی فرەچەشنی زیندوو کرایەوە، بەڵام بەداخەوە دیسانەوە چەمک و تێگەکانی گوتاری زاڵ خۆی بە سەر زمان و دامەزراوە نوێیەکانیشدا سەپاند و ئەویدیی‌سازی بوو بە سەرچەشنێکی هزری-کردەوەیی.”

واژۆکەرانی ئەو نامەیە هەروەها جەختیان لە سەر ئەوە کردوەتەوە کە نابێ پرسی زمانی دایکی وەک هەڕەشەیەک بۆ ئاسایشی نەتەوەیی بزانرێ و سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی زارا محەممەدی وەک نموونەیەک بۆ ئەو بابەتە هێنراوەتەوە.

لە کۆتاییدا بە شەرمەزار کردنی ئەو سزایە داوا لە سەرۆک کۆماری ئێران کراوە کە پێ‌دا چوونەوە بە سەر سزای “زارا”دا بکەن و بۆ بەدی‌هێنانی ئاپۆرە زمانییەکانی ئێران هەنگاوی پێویست بنرێ.

جێگەی ئاماژەیە کە زارا محەممەدی لە ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٨ـی هەتاوی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە لە شاری سنە دەست‌بەسەر کرا و پاش زیاتر لە شەش مانگ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، دواتر لە ٢٥ـی پووشپەڕدا بە تۆمەتی “پێک‌هێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێک‌دانی ئاسایشی نەتەوەیی” لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە ١٠ ساڵ بەندکران سزا درا.