حوکمی سێدارەی حەیدەر قوربانی بەڕێ کرا بۆ بەشی جێبەجێکرانی حوکمەکان

خۆڕاگری: بە پێی زانیاریی باوەرپێکراو دۆسیەی بەندکراوی سیاسیی کورد حەیدەر قوربانی بەڕێ کراوە بۆ بەشی جێبەجێکرانی حوکمەکانی دادسەرای سنە بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی سێدارەی ناوبراو و ئەگەری زۆرە لە رۆژانی داهاتوودا ئەو حوکمە جێبەجێ بکرێ.


هەروەک پێشتر رامانگەیاندبوو تەنیا بەڵگەی سەلماندن بۆ تۆمەتی کوشتن کە دراوەتە پاڵ حەیدەر قوربانی، دانپێدانانی ناوبراو لە ژێر ئەشکەنجەی نامرۆڤانە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنەدایە.


ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە هەموو رێکخراو و چالاکانی مافی مرۆڤ دەکات کە بە مەبەستی گوشارخستنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە بە خێرایی زانیاریی لەم بارەوە بڵاو بکەنەوە و هەموو هەوڵی خۆیان بخەنە گڕ.

 ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامیاران لەلایەن لقی ٢٧ی دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە پەسەند کراوە و پارێزەرەکانی ئەو حوکمەیان بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە.


یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی قوربانی لەوبارەوە ڕاگەیاند کە، حەیدەر قوربانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەری “سەعیدی” بە تۆمەتی “هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستان دژبەری نیزام” حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە و ئەو حوکمە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ (٢٨ی ژوئیەی ٢٠٢٠) لە ناو بەندیخانەی سنە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.


حەیدەر قوربانی مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٥ (پاییزی ٢٠١٦) لە گەڵ ژن براکەی بە ناوی ”مەحموود سادقی“ کە هەردوویان خەڵکی گوندی ”بزوەش“ سەر بە شاری کامیاران بوون، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و لەوکاتەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە دەستبەسەرن.


ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە ڕیکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩٨ (٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) لە دۆسیەیەکی دیکەدا و لەلایەن لقی ١ی دادگای تاوانەکانی پارێزگای سنە بە تۆمەتی “هاوکاری کردن و کارئاسانی بۆ کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران لە کامیاران” دادگایی کرابوون. بە پێی ئەو حوکمە حەیدەر قوربانی حوکمی ١١٨ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و لێدانی ٢٠٠ قامچی و مەحموود سادقی حوکمی ٤٠ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و لێدانی ٢٠٠ قامچییان بە سەردا سەپابوو.


حکوومەتی ئێران سێ ساڵ پێش لە یەکێک لە کاناڵەکانی خۆی بە ناوی (پرێس تی وی) کە کاناڵێکی ئینگلیزی زمانە، فیلمێکی لە دانپێدانانی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی کورد بڵاو کردەوە.


بە وتەی نزیکانی ناوبراو، حەیدەر قوربانی لە ژێر ئەشکەنجەی نامرۆڤانە، ناچار بەو دانپێدانانە بووە و ناچار کراوە کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران وە ئەستۆی خۆی بگرێت.


لەو فیلمە ٢٠ خولەکیەدا، تۆمەتبار لە پێش بنەماڵەی ئەو کوژراوانە کە سەر بە حکوومەتی ئێرانن، دانێشتووە و دان بە کوشتنیان دەنێت.