نادیار بوونی چارەنووسی سوهەیلا حیجاب دوای بریندار کرانی

خۆڕاگری: سوهیلا حیجاب، پارێزەری دەستبەسەر کراوی کورد کە لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ماوەی پێنج ساڵەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن بەندکراوێکی دیکەوە بە سەختی بریندار و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گوازراوەتەوە، چارەنووسی نادیارە.

بەیانی ڕۆژی هەینی ١٧ی گەلاوێژی ١٣٩٩ (٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، سوهەیلا حیجاب، بەندکراوی سیاسی کورد کە لەبەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە، لە لایەن بەندکراوێکی دیکە کە بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان دەستبەسەر کراوە بە پارچەی لیوانێکی شکاو هێرش کراوەتە سەری و سکی لە چەندین لاوە برینی قووڵی تێکەوتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سوهەیلا حیجاب دوای بەریندار کران گوازراوەتەوە بۆدەرمانگای بەندیخانە و بەهۆی قووڵی برینەکانیەوە دەستبەجێ بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە گوازراوەتەوە.

سەرەڕای تێپەڕینی یەک ڕۆژ بە سەر گواستنەوەی ئەو بەندکراوە سیاسییە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و هەروەها باری تەندروستی ناوبراو لە بەردەستتدا نییە.

سوهەیلا حیجاب پارێزەری خەڵکی کرماشان پێشتر لە دووتوێی نامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە، لێکۆڵەری دۆسیەکەی هەڕەشەی لەناوبردنی ناوبراوی کردووە.