هاووڵاتییەکی کورد پاش ١٠ مانگ لە ناڕوونیی چارەنووسی لە دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی دەکرێت

ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “عادڵ موکەڕەم” خەڵکی ورمێ، پاش ١٠ مانگ ناڕوونیی چارەنووسی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر “شێخلوو” دادگایی دەکرێت.

تۆمەتی ‌ئەو هاووڵاتییە کوردە “ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و تێپەڕاندنی نایاسایی سنوور” ڕاگەیەندراوە.

“عادڵ موکەڕەم” مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، پاش دیپۆرتکردنەوەی لە وڵاتی تورکیە، ڕادەستی هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ماوەی ١٩ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی خۆی لەژێر لێکۆڵینەوەدا بووە و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

“عادڵ موکەڕەم” دواتر بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا و ئێستا لە بەندی تایبەت بە زیندانییانی سیاسیی ئەو زیندانەدایە.