ناجێگیر بوونی دۆخی تەندرووستی دوو زیندانی سیاسی

دۆخی تەندروستیی “نەسرین ستوودە و ” مریەم ئیبڕاهیم‌وەند” ،دوو زیندانیی سیاسی لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێران ناجێگیرە.
ڕەزا خەندان” هاوسەری نەسرین ستوودە” ڕۆژی شەممە ٢٩ی خەرمانان، لە لاپەڕەی شەخسی خۆی لە توێتێردا نووسی: کە هاوسەرەکەی بەهۆی کێشەی دڵ، دابەزینی فشارخوێن و تەنگە نەفەسی ڕاگوازرا بۆ بەشی چاودێری تایبەت “سی‌سی‌یوو”ی نەخۆشخانە و باری تەندروستیی لە مەترسی دایە.
نەسرین ستوودە” زیندانی سیاسی زیاتر لە یەک مانگە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە دۆخی زیندانیانی سیاسی و پێڕانەگەیشتنیان لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانە مانی لە خواردن گرتووە و هەر بەو هۆیەشەوە دۆخی تەندروستیی ناوبراو لە مەترسی دایە.
شایانی باسە کە نەسرین ستوودە ساڵی ٩٧ی هەتاوی لە ماڵەکەی خۆی دەسبەسەر و لە دوو پەروەندەی جیاوازدا بە سەرجەم بە ٣٨ ساڵ بەندکران و لێدانی ١٤٨ زەربە قامچی حوکمدراوە.
لەلایەکی دیکەوە “مرێم ئیبڕاهیم‌وەند” نووسەر و دەرهێنەری سینەما کە لە ساڵی ٩٧ی هەتاوییەوە لە زیندانی ئێڤین دەسبەر و چارەنووسی ناڕوونە ئێوارەی هەینی ٢٨ی خەرمانان لەهەمبەر ناڕوونی چارەنووسی و وڵام نەدانەوەی بەرپرسانی زیندان و پێڕانەگەیشتن بە پەروەندەکەی بە خواردنی حەب هەوڵی خۆکوژیی دا و بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ناوبراو ڕۆژی ٢ی خەرمانان لە نامەیەکدا بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی باسی لە ناڕوونی چارەنووسی و دۆخی نالەباری زیندان و پێڕانەگەیشتن بە پەروەندەکەی کردبوو و گوتبووی ئەگەر وڵامم نەدەنەوە کۆتایی بە ژیانم دەهێنم .