ئەرسەلان هیدایەتی بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، خۆی بە زیندانی کرماشان ناساند

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەرمانان، ئەرسەلان هیدایەتی، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی قوروە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی خۆی بە زیندانی دێزڵاوای کرماشان ناساند.

ئەو چالاکە مەدەنییە شەوی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی فیلمێک لە لاپەڕەی ئینیستاگرامییەکەی خۆیدا ڕایگەیاند کە سبەی بۆ جێبەجێکردنی حوکمی چوار مانگ زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی دێزڵاوای کرماشان دەکرێت.

حوکمی ٣٦ مانگ زیندانیی چوار چالاکی فەرهەنگیی کورد بە ناوەکانی “شەهریار تەهماسبی” خەڵکی کرماشان، “ئەردەشیر موسەوی” خەڵکی کرماشان، “مستەفا باقری ئاشنا” خەڵکی کەنگاوەر و “ئەرسەلان هیدایەتی” خەڵکی قوروە، لە دادگای پێداچوونەوەی کرماشان بۆ ١٦ مانگ زیندان کەم کرایەوە.

حوکمی زیندانیی تەعزیریی هەر کام لەو چوار چالاکە فەرهەنگییە لە دادگای پێداچوونەوەی کرماشان لە ٩ مانگە زیندانیی تەعزیری بۆ چوار مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری کرماشان بە سەرۆکایەتیی دادوەر “شارۆخ مورادی” بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام و پێکهێنانی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی نەزمی گشتی” ئەو حوکمەی بەسەر ئەو چوار چالاکە مەدەنییەدا سەپاند.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی پووشپەڕی ساڵی ٩٧، “شەهریار تەهماسبی، ئەردەشیر مووسەوی و مستەفا باقری ئاشنا”، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و “ئەرسەلان هیدایەتی” ڕۆژی هەینی ١٥ی پووشپەڕی هەمان ساڵ دەسبەسەر کرا.

ئەو چوار چالاکە فەرهەنگییە، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.