باپیر بەرزە بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی نەغدە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە

خۆڕاگری: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە ماوەی مانگێکە چووەتە بەندیخانە، لە ناو بەندیخانەی نەغەدە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە و باری تەندروستی ناجێگیرە.

شەوی یەکشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ١٣٩٩ باپیر بەرزە بەندکراوی سیاسی ڕاگیراو لە بەندیخانەی نەغەدە کە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە، باری تەندروستی ناجێگیرە و بۆ نەخۆشخانەی ”خومەینی“ پیرانشار گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، باپیر بەرزە دوای ئەوەی یەکەم ڕۆژی پاییز بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٢ ساڵ ٦ مانگ حوکمی بەندکرانەکەی ،خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ناساندبوو، لە ناو بەندیخانە تووشی پەتای کۆرۆنا بووە و دوای پێنج ڕۆژ کە لە قەرەنتینە ڕاگیراوە، ڕۆژی یەکشەممە نێردراوەتەوە بۆ ماڵی خۆیان و لە سەر دوای پزیشک بە هۆی ناجێگیر بوونی باری تەندروستی بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە.

باپیر بەرزە شەوی دووشەممە ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٨ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی پیرانشار بە تۆمەتی ”هاوکاری کردن لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی“ حوکمی ٨ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

پووشپەڕی ساڵی ڕابردوولە سەر سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات، حوکمی بەندکرانی ناوبراو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ بوو بە ٤ ساڵ کە لە دانیشتنی دووهەمی ئەو دادگایە حوکمەکەی بۆ دوو ساڵ و ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.