دەسبەسەرکردنی دووچالاکی مەدەنی خەڵکی شاری سنە


دووچالاکی مەدەنی خەڵکی شاری سنە” ئەفشار فەتحی” و “شادمان بەنی بەشەر” بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەیان دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کران.
ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی، ئەفشار فەتحی چالاکی مەدەنی خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمی یەک ساڵ بەندکرانەکەی، خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ناساندووە و هەروەها ڕۆژێک دواتر، ٢٠ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی شادمان بەنی بەشەر،چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە دوای ئەوەی خۆی بە لقی چواری جێبەجێکردنی حوکمەکانی شاری سنە ناساندووە دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمی ٦ مانگ بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرا.
شایانی باسە کە ئەفشاری فەتحی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەممەی ٩٧ی هەتاوی دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر و دوای دوو حەوتوو بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
ئەو چالاکە مەدەنییە دواجار مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکەم دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی حوکمی ٦ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.
ئەفشار فەتحی لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگا بە تۆمەتی ”هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی“ حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بۆ بڕایەوە.
لە لایەکی دیکەوە” شادمان بەنی بەشەر”، چالاکی مەدەنی و ئەندامی گرووپی شاخەوانی “چلچەمە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ٩٧ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر و دوای یەک مانگ بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەو چالاکە مەدەنیە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر” سەعیدی”یەوە بە تۆمەتی “پرۆپاگەندە دژی ڕێژیم” حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا کە دواتر لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ٦ مانگ کەم کرایەوە. https://t.me/xoragri