زیندانی سیاسی کوردعادڵ مووكەڕەم دووبارە مانی لە خواردن گرت

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، “عادڵ مووکەڕەم” زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ورمێ، پاش جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانی لەلایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە، دووبارە مانی گرت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار اگەیاند: “پاش جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکەی و پێڕانەگەیشتن بە دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە، ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ جاری دووەم مانی لە خواردن گرت”.

عادڵ مووکەڕەم ڕایگەیاندووە هەتا کاتی جێبەجێ کردنی داواکارییەکەی درێژە بە مانگرتنەکەی دەدات.

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەر ئەو زیندانییە سیاسییە لەسەر بەڵێنیی بەرپرسانی زیندان بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

ئەو زیندانییە لە کاتی کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەی ڕایگەیاندبوو، لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکەی دووبارە مان دەگرێتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەر، ئەو زیندانییە سیاسییە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ناڕوونیی چارەنووسی لە زیندان، بە دوورینی لێوەکانی مانی گرت. هەروەها پاش مانگرتنەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ کرا.

قەرار بووە ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خەرمانان، پاش ١٠ مانگ ناڕوونیی چارەنووسی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر “شێخلوو” دادگایی بکرێت، بەڵام دادگاییەکەی هەڵوەشێندراوەتەوە و کۆبوونەوەی دادگاییەکەی ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانان بەڕێوە چوو بوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی”ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و بەزاندنی نایاسایی سنوور” ڕاگەیەندراوە.

“عادڵ موکەڕەم” سەرماوەزی ساڵی ٩٨ پاش دیپۆرتکردنەوەی لە وڵاتی تورکیە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕادەستی ئێران کرایەوە.