ناڕوونی چارەنووسی مەلا ڕەسووڵ حەمزەپوور دوای دوو حەوتوو لە دەسبەسەر کرانی

دوای دوو حەوتوو لە دەسبەسەر کرانی مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی دوو حەوتوو لە دەسبەسەر کرانی مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی پیرانشار بە ناوی ”ڕەسووڵ حەمزەپوور“ سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، چارەنووسی نادیارە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو مامۆستا ئایینییە دوای دەسبەسەر کران بۆ دەسبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازراوەتەوە و تا ئێستا تەنیا یەکجار لەڕێگای تەلەفوونەوە پەیوەندییەکی کورتی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە.
مامۆستا ڕەسووڵ حەمزەپوور خەڵکی گوندی ”خراپە“ و پێش نوێژی گوندی ”ئەندێزە“ی سەربە لاجانی پیرانشارە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەری ٩٩ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە سێ ڕێیانی پەسوێ ئەو مامۆستا کوردەیان دەسبەسەر کردووە و دواتر ڕژاونەتە ماڵەکەی و ماڵەکەشیان پشکنیوە.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هۆ یان هۆکارەکانی دەسبەسەر کران و یان ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ مامۆستا ڕەسووڵ حەمزەپوور ڕوون نەبووەتەوە.