بەرزان نەسروڵڵازادە کە حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو ، دوای ئەوەی حوکمەکەی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشایەوە ئازاد کرا.



بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان، بەرزان نەسروڵڵازادە، بەندکراوی مەزهەبیی کورد کە لە کاتێکدا تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بوو دەستبەسەر و حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو، دوای ئەوەی حوکمەکەی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشایەوە، ڕؤژی سێشەممە ٢٩ی ڕزبەری ١٣٩٩ لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ئازاد کرا.

حەوتووی ڕابردوو حوکمی سێدارەی بەرزان نەسروڵڵازادە بەندکراوی مەزهەبی کورد کە لەکاتی دەستبەسەر کران تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە ، لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە ڕەدکراوەتەوە و بە مەبەستی سەرلەنوێ پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگایەکی هاوتەراز لە شاری تاران کرا کە بە پێی حوکمی نوێ بە چەند تۆمەتی جیاواز سەرجەم حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان پێنج ساڵی دەبێ جێبەجێ بکرێت.

ئەو بەندکراوە کوردە لەکاتێکدا ئەمڕۆ ئازاد کراوە کە نزیکەی ١١ ساڵ بەندکراوە و بەم پێیە ٦ سال زیاتر لەو حوکمەی کە بەسەریدا سەپاوە لە بەندیخانە ڕاگیرابوو.

بەرزان نەسروڵڵازادە کوڕی محەمەدسەلیم و خەڵکی سنە، ڕۆژی شەممە ٨ی جۆزەردانی ١٣٨٩لە کاتێکدا کە ١٧ ساڵ و پێنج مانگ تەمەنی هەبوو، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر کرا.

ئەو بەندکراوە مەزهەبییە دواتر لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ”مەقیسەیی“ بە تۆمەتی ”موحاریبە لە ڕێگای پەیوەندی لەگەڵ گرووپە سەلەفییەکان و بەشداری لە پیلانی کوشتنی مامۆستایانی ئایینی بە تایبەت مامۆستایەکی ئایینی کورد“ حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپا.

بە وتەی نزیکانی بەرزان نەسروڵڵازادە، ناوبراو کاتێک لە قوتابخانە بووە دەستبەسەر کراوە و لەکاتی دەستبەسەر کران هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێکردووە و زکی بە گوللە پێکراوە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی بێبەشکرانی لە خزمەتگوزاری دەرمانی لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەجەوە سپڵ (طحال)ی خۆی بە تەواوەتی لە دەست داوە.

بەرزان نەسروڵڵازادە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە سەختترین شێوە ئەشکەنجە دراوە و هە رلەژێر ئەشکەنجە ناچار بە دانپێدانانی ڤیدیۆیی و قەبووڵ کردنی پەیوەندی لەگەڵ گرووپە سەلەفییەکان بووە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕێکەوتی ٢١ی ڕەزبەری ئەمساڵ (١٢ی ئۆکتۆبر) بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک خوازیاری هەڵوەشانەوەی حوکمی سێدارە و ئازادی ئەو بەندکراوە کوردە بوو.