لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شەش بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ هەوڵی خۆکوشتنیان داوە کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٣٩٩ ، بەندکراوێکی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ئورمیە بە ناوی ”کەریم خواجەپوور“ دوای ئەوەی هەوڵی خۆکوشتنی دابوو، لە نەخۆشخانەی ”خومەینی“ ئەو شارە گیانی لە دەست داوە.

کەریم خواجەپوور ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەر لەگەڵ چەند بەندکراوێکی دیکەی ڕاگیراو لە بەندی ١ و ٢ دوای تتێکهەڵچوونێک بۆ بەندی ئەمن گوازرابوونەوە و هەمان ڕۆژ لەڕێگای خواردنی وردە شووشە و لەخۆدان بە کەرەستەی تیژ هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە گوازرابوویەوە.

چوار کەسی دیکە لە هاوبەندیەکانی کەریم خواجەپوور بە ناوەکانی ”حوجەت دڵارام“، ”بابەک سۆفی“، ”تەوحید غەزنەوی“ و ”میلاد (نازناو نەزانراوە) دوای ئەوەی هەوڵی خۆکوشتنیان دابوو لەگەڵ باقی بەندکراوەکان تووشی شەڕ و تێکهەڵچوون بوون و دواتر بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە گوازرابوونەوە.

ئەو چوار بەندکراوە ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ڕەزبەر هاوکات و بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نیسبەت گواستنەوەیان بۆ ژووری تاکەکەسی، بە کەرەستەی تیژ هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.

سەرچاوەکانی باس لەوە دەکەن کە سەرەڕای ئەوەی ئەو بەندکراوانە تووشی خوێنبەربوون بوون ، هێزە ئەمنییەکان ڕژاونەتە ناو بەندەکانیان و بە باتۆم لێیانیان داون و لە هەر جۆرە خزمەتگوزاراییەکی پزیشکی بێبەش بوون.