سازکردنی دۆسییەکی نوێ بۆ زیندانییەکی سیاسیی شاکر بێهرووزی

شاکر بێهرووزی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ورمێ، بە دروستکردنی دۆسییەیەکی نوێ بۆ ناوبراو، بانگهێشتی دادگای کەیفەریی شاری ورمێ کرا.

بەپێی ئەو بڕیارە کە بە شاکر بێهروزی ڕاگەیەندراوە، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران، ڕێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەر لە لقی ١ی دادگای کەیفەریی شاری ورمێ، بەڕێوە دەچێت.

ئەو زیندانییە سیاسییە مەحکووم بە ئێعدامە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، بە تۆمەتی “سنووربەزاندنی نایاسایی، ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان و کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران” لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی تایبەت بە لاوانی ورمێ، لقی ١١٤ی دادگای کەیفەریی ٢ی ورمێ و لقی ١١٠ دادگای کەیفەریی ٢ی بەهەشتی ورمێ،  بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

بەپێی زانیارییەکان هێزە ئەمنییەتییەکان لە گرتنگەی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە دانپێنانی زۆرەملێیان لەو زیندانییە کوردە، وەرگرتووە.

 ئەو زیندانییە سەرەتا لە لقی ٢ی دادگای ئیقنلابی ورمێ بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە حیزبێکی کوردی دژبەری ئێران” بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و دواتر بە دۆسیەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، جارێکی دیکە لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی و بە تۆمەتی “بەغی لە ڕێگای ئەندامبوون لە کۆمەڵە” و “کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران” لە ناوچەی مەرگەوڕی ورمێ، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییەی خەڵکی “دزە”ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ بەڕێوەچووە و ڕۆژی  پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانان، حوکمی ئێعدام بە سەر ئەو زیندانییە سیاسییەدا سەپا و بە پارێزەرەکەی ڕاگەیاندرا”.

مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران” لە لایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر “شێخلوو”، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

 ئەو زیندانییە سەرەتا لە لقی ٢ی دادگای ئیقنلابی ورمێ بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و دواتر بە دۆسیەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، جارێکی دیکە لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی و بە تۆمەتی “بەغی لە ڕێگای ئەندامبوون لە کۆمەڵە” و “کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران” لە ناوچەی مەرگەوڕی ورمێ، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ٩٧ ببووە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و خەرمانانی هەمان ساڵ پاش وەرگرتنی “ئەماننامە” گەڕابووە ئێران.

ئەو هاووڵاتییە، پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ناساندبوو و پاش ١٤ ڕۆژ لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.

شاکر بێهرووزی، دووبارە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش ساڵێک و ٩ ڕۆژ لە دەسبەسەری لە ژووری تاکەکەسی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.