سێ بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازرانەوە.

خۆڕاگری: سێ بەندکراوی سیاسی خەڵک شنۆ کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیرابوون، بۆ بەندیخانەی ناوەندی نەغدە گوازراونتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی وەهاب عەلیزادە، غەفوور بەرهەم و یەعقووب زەردشوانە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گوازراونەتەوە.

غەفوور بەرهەم پووشپەڕی ١٣٩٧ دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی ١١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان پێنج ساڵی شیاوی جێبەجێ کردنە. ناوبراو بانەمەڕی ئەمساڵ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی شنۆ کرابوو.

یەعقووب زەردشوانە، کە پێشتر حوکمی سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازراوەتەوە.  ناوبراو ساڵی ١٣٩٨ دەستبەسەر و بە تۆمەتی هاوکاری حیزبە کوردستانییەکان حوکمی سێ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

هەروەها، سەید وەهاب عەلیزادە خەڵکی گوندی بێژاوێ لەگەڵ ئەو دوو بەندکراوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازراوەتەوە. سەید وەهاب ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو سال ٩٧ دەستبەسەر و دواتر بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان حوکمی سێ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*