ڕێژیمی ئێران ڕێبەری گرووپی”ئەلنزال بۆ ئازادی ئەهواز”ی لە تورکیە ڕفاندووە.

خۆڕاگری: کۆمیتەی جێبەجێکاری گرووپیکی ئازادی خوازی ئەهوازی بە ناوی” بزوتنەوەی عەرەبی ئازادی خوازی ئەهواز” ڕۆژی هەینی ٩ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران، “حەبیب فەرەج جەعب” ناسراو بە “حەبیب ئەسیوەد” ڕێبەری پێشووی ئەم بزوتنەوەیەی لە تورکیە ڕفاندوە.
ئەلنێزال، لە بەیاننامەکەیدا ڕێژیمی ئێرانی بەوە تۆمەتبار کردوە کە بە یارمەتی وڵاتێکی سێهەم”حەبیب ئەسیوەد”یان هێناوەتە تورکیە و لەو وڵاتەوە ڕفاندوویانە.
هێندێک لە سەرچاوە هەواڵییەکانی ئەهواز وڵاتی ‘قەتەر”یان بە وڵاتی سێهەم ناوبردوە و هێندێکی دیکەیان دەڵێن کە ئانکارا ئەسیوەدی لە بەرانبەر دوو ڕێبەری کوردی تورکیە ڕادەستی وڵاتی ئێران کردۆتەوە.
شایانی باسە کە هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران، پێشتریش چەند کەسێک لە چالاکانی سیاسیان لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە هێناوەتە وڵاتانی دیکە و لەو وڵاتانەدا دەسبەسەریانی کردووە.
جێگای ئاماژەیە کە ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٩٨ی هەتاویشدا لە کردەوەیەکی تێرۆریستی دا، کە چالاکە ئەهوازییەکان ناویان نا بوو تۆڵە کردنەوەی ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر هێرش کردنە سەر ڕێژەی سەربازیی لە ئەهواز، هەوڵیدا کە “حەبیب جەبر” ڕێبەری پێشووی’ئەلنزال لە دانمارک تێرۆر بکا.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووەکە پێشتریش “ئەحمەد نیسی” ناسراو بە “ئەحمەد مولی” ڕێبەری پێشووی ئازادیخوازەکانی عەرەب لە ساڵی ٩٦ی هەتاوی، لە بەردەم دەرگای ماڵەکەی خۆیدا لە شاری لاهەی هۆلەند، لە هێرشیکی چەکدارانە و تێرۆریستیدا لە لایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێرانەوە تەقەی لێکراو کوژرا.