جەلال ڕوستەمی بە مەبەستی تێپەڕاندنی حوکمەکەی دەستبەسەر کرا

خۆڕاگری: دەست بەسەر کرانی جەلال ڕوستەمی هاووڵاتیی خەڵکی کامیاران کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی زیندانی بە سەر دا سەپابوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، جەلال ڕوستەمی خەڵکی کامیاران بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٣٠ مانگ حوکمەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.

جەلال ڕوستەمی ڕۆژی پێنج شەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ١٣٩٨ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕامسەر لە پارێزگای مازەندەران دەستبەسەر و دوای نزیک بە ٣ مانگ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر “سەعیدی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی حوکمی ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژ بە نیزام” حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی ناوبراو شیاوی جێبەجێ کردن دەبوو.

ئەو حوکمە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بۆ ٣٠ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.