سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی “حامید شێخی، نەبی مەلاوەیسە و ئەیووب کاکاخانی” بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەیان دەسبەسەر و ڕەوانە زیندانەکانی سەقز و بیجاڕ کران.

خۆڕاگری: بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەیووب کاکاخانی، حامید شێخی و نەبی مەلاوەیسە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکیان بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزراون و ئەیووب کاکاخانی بۆ زیندانی بیجاڕ ڕاگوێزراوە.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە خەڵكی شارەكانی سەقزو دیواندەرە كە لە دۆسییەکی هاوبەشدا، مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر “سەعیدی”، بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران ” هەر کامیان بە ساڵێک زیندانی تەعزیریی مەحکووم و ئەو حوکمەش لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە، بۆ چوار مانگ زیندانی تەعزیری لەگەڵ هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرکرانیان، کەم کراوەتەوە.

ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، هێزە ئەمنییەتییەکان لە شاری سەقز، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەیان بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر و پاش ٤٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان، ڕێکەوتی ٧ی خاکەلێوە ئەمساڵ، هەر کامیان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ئازاد کرابوون.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*