چەنگیز قەدەم‌خێر، زیندانیی سیاسیی کورد بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا

خۆڕاگری: ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، چەنگیز قەدەم‌خێر، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شاری کامیاران، لە زیندانی مەسجێد سلێمانی خووزستان، بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕایگەیاندووە: “لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو زیندانییە سیاسییە زانیارییەکی ورد لە بەردەسدا، نییە و بەرپرسانی زیندانی مەسجێد سلێمان، لەو پەیوەندییەدا لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون خۆیان دەبوێرن”.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: “چەنگیز قەدەم‌خێر نەخۆشی گورچیلەی هەیە و بارودۆخی تەندروستی گشتیی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، نالەبارە”.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ڕەشەمە ٩٨، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشكی و دژایەتیی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران لەگەڵ “مورەخەسی دەرمانی”، مانی گرتبوو.

گورچیلەی چەنگیز قەدەم‌ خێر لە ئەنجامی مانگرتنی لە خواردن تووشی خوێنڕێژیی ببوو کە پزیشکەکەی ئیزنی درێژەدان بە مانگرتنەکەی نەدا.

“چەنگیز” خەڵكی كامیارانە و مانگی جۆزەردانی ١٣٩٠ لە دەوروبەری سنە، لەلایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر كرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن دەزگای دادوەریی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و ئەندامێتی لە حیزبێكی كوردیدا” بە ٤٠ ساڵ زیندان مەحكووم کراوە.