درێژەی بانگ‌کران و دەسبەسەرکردنی هاونیشتمانییانی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە


لە درێژەی دەسبەسەرکران و سەپاندنی سزای زیندان بۆ سەر هاونشتمانییانی کورد ڕۆژی شەممە ١٢ی گەلاوێژی ٩٨ی هەتاوی کەسێک بەناوی مەجید دەریایی خەڵکی شاری شنۆ کە بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو، ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرا.
دەگوترێ کە ناوبراو ساڵی ڕابردوو بە تاوانی هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم حوکمی دوو ساڵ و نیو زیندانی بۆ بڕاوەتەوە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە خۆجێییەکان، دوو لاوی کورد بە ناوەکانی “شاهۆ ئەختەرکاوان و حەمدی ئەختەرکاوان”، پاش بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان، دەسبەسەر کراون.
ئەو دوولاوە لە ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕی ٩٨ی هەتاوییەوە پاش بانگکرانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان دەسبەسەر و، لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
جێی‌ئاماژەیە هاونیشتمانییەکی دیکەی مەریوانی بەناوی “عەبدوڵڵا وەیسی”، تەمەن ٤٤ ساڵ، خەڵکی گوندی “گوڵچێر”ی شاری مەریوان، نیزیک بە ١٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی تێدەپەڕێ و لەو کاتەوە تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.
جێی‌وەبیرهێنانەوەیە ڕۆژی پێنج شەممەش، ١٠ی گەلاوێژ، کەسێک بە ناوی سەیدڕەزا ئەحمەدی خەڵکی ناوچەی پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تاوانی ناڕوون دەسبەسەرکراوە.

شایانی باسە بە لەبەر چاو گرتنی ئامارەکان لە مانگ و نیوی ڕابردوودا تاکوو ئێستا ، زیاتر لە ٦٥ هاونیشتمانی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەسبەسەر کراون.