دەسبەسەر کردنی سێ کەس لە شاری مهاباد

سێ کەس لە شاری مهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، “سۆران موختاری فەر” خەڵکی گوندی حاجی‌خۆش سەر بە شاری مهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
هەروەها ئەو هێزانە نیوەشەوی هەمان ڕۆژ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “سۆران نەسیری”، خەڵکی گوێک تەپە، و ناوبراویان لەگەڵ خۆیاندا بردوە و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە.
هەر لەو پێوەندییەدا و لە شاری مهاباد هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەسێکی دیکەیان بە ناوی “ئومید عەباسی”، خەڵکی گوندی ئیندرقاشی مهاباد دەسبەسەر کردوە.
تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەو سێ هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگیرانیان هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژ نییە لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بە تۆمەتی جۆراوجۆر لاوانی کورد نەگرێ و نەیانخاتە بەندیخانەکانەوە و ساڵانە بە دەیان کەس بە تۆمەتی ناڕەوا حوکمی دوور و درێژیان بەسەر دادەسەپێنێ و دەکەونە بەر ئازار و ئەشکەنجەوە.