دەسبەسەرکرانی هاونیشتمانییەکی خەڵکی نەغەدە

هاونیشتمانییەکی خەڵکی نەغەدە بە هۆکاری نادیار دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان(چاونیوز)، ڕۆژی هەینی ١٣ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، کەسێک بە ناوی “ئومید مستەفاپوور” تەمەن ٤١ ساڵ، کوڕی “تەها” دانیشتووی گەڕەکی فەرهەنگیان لە شاری نەغەدە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا.

بەپێی زانیارییەکانی چاونیوز نزیک بە ٩ کەسی دەمامکدار بە چەند ماشێن دەوری ماڵی ناوبراویان داوە و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی وێڕای گەڕان و پشکنینی نێو ماڵ، دوای بێڕێزی پێکردنێکی زۆر دەسبەسەری دەکەن.

هەتا ئامادە کردنی ئەم هەواڵە وێڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەیان هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکار و شوێنی گیرانەکەی لەبەردەست دا نییە.

جێی ئاماژەیە، لەماوەی حەوتووی ڕابردوودا زیاتر لە ١٣ کەس لە کوردستان بە هۆکاری ناڕوون لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات و سپای پاسداران دەست بەسەر کراون.