پێکهێنانی کۆبوونەوەیەکی نێونەتەوەیی لە سەر ئێران

ڕۆژی ١١ی ژانویە مایک پمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ کاناڵی تەلەڤزیۆنی فاکس نیوز ڕایگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەنیازە مانگی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی نێونەتەوەیی لە سەر ڕٶژهەڵاتی نێوەڕاست لە پێوەندیی لە گەڵ ئێران پێک بێنێ.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەو کۆبوونەوەیە بە بەشداریی نوێنەرانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیا، ئورووپا و ئەفریقا لە ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ ی ڕێبەندانی ئەمساڵ لە ” لەهێستان”بەڕێوە دەچێ.
ناوبراو گوتی وتووێژەکان لە سەر سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاشتی، ئازادی و ئەمنییەت دەبن لە ناوچەکەدا و لەوێدا دڵنیایی دەدرێ کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەتوانێ ببێتە خاوەن دەسەڵاتێکی تێکدەرانە لە ناوچەکەدا.
“پۆمپئۆ” پێش سەفەرەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕایگەیاند کە ئامانجی ئەو سەفەرەی بۆ هەوڵی دیپڵۆماسی و هەنگاوی بازرگانییە بۆ زیاد کردنی گوشارەکان بۆ سەر ئێران.
ناوبراو پێشتر لە وتووێژێکدا لە زانستگەی قاهیرە گوتی، ئێستا جیهان لە گەڵ لایەنە مەترسیدارەکانی کۆماری ئیسلامی و، پێویستی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێژیمە بەرەوڕوویە. وڵاتانی جیهان بە شێوەیەکی بێ‌وێنە لە گەڵ هەوڵەکانی ئێران بەرەوڕوو بوونەوە و، خەریکە کڕینی نەوت لەو وڵاتە دەگەیەننە خاڵی سیفر و پێش لە دەور لێدانەوەی گەمارۆکان لە لایەن ئێرانەوە دەگرن.
لە ئورووپا لە گەڵ تێرۆریزم بەربەرەکانی دەکەن و سیستەمی گەندەڵی بانکیی ئێران تاک و تەریک دەخەنەوە و جیهان خەریکە باشتر لە مەترسیی هەمەلایەنە و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێدەگەن.