سێ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی ورمێ و سنە، بە زیندان مەحکووم کران

سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی ورمێ و سنە، لە لایەن دەزگای قەزاییەوە، بە زیندان مەحکووم کران.

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “عارف محەممەدی”، خەڵکی گوندی “باوان”، لە ناوچەی مەڕگەوەڕی ورمێ، لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەو حوکمە، ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی گەلاوێژ، بەبێ بوونی پارێزەر و بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران”، بە سەر ئەو هاووڵاتییە کوردەدا سەپاوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی پووشپەڕ، لەگەڵ “عابید محەممەدی” و “حەسەن بەراتی”، خەڵکی گوندی باوان و “سەرهەنگ بابەکری” خەڵکی گوندی فلکان، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و دواتر بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزراون.

لەو پەیوەندییەدا، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی “ئیدریس محەممەدی” و “ئاوات کەریمی”، خەڵکی گوندی “نگڵ”، سەر بە شاری سنە، هەر کامەیان بە ٤٠ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.

لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتیی “دادوەر سەعیدی”، ئەم حوکمەیان بە تۆمەتی “هاوکاری دژی تەناهیی نەتەوەیی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران”، بۆ ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بڕیوەتەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی بەفرانباری ساڵی ٩٧، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کرابوون.