سەپاندنی حوکمی زیندانی بە سەر پێنج دەسبەسەرکراوی کورددا

پێنج دەسبەسەرکراوی کورد لە شارەکانی ورمێ و سنە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، حوکمی بەندکرانیان بە سەر داسەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، “جەلال سوورمان” خەڵکی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ لە لایەن دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبەکانی دژبەری نیزام بە یەک ساڵ بەندکران حوکمدرا، ناوبراو ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، لە دانیشگای ورمێ دەسبەسەر کرا و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازادکرا.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری سنە، چوار هاونیشتمانی ئەو شارە بە ناوەکانی “یادگار جەعفەری، یاسین کەریمی، هێمن محەممەدیان و پوریا ناسری، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بە دژی نیزام و هاوکاریکردنی حیزبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر کەسەو بە یەک ساڵ بەندکران حوکمدران، شایانی باسە ئەو چەند کەسە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ٩٨ی هەتاوی، دەسبەسەر کرابوون و دوای چەند ڕۆژ بە دانانی بارمتە تا کاتی دادگایی کردنیان ئازاد کرابوون.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە کە دادگای ئینقلابی سنە لە حوکمێکی دیکەدا حوکمی ١٥٠ ساڵ بەندکرانی بە سەر دوو هاونیشتمانی ئەو شارە بە ناوەکانی “حەیدەر قوربانی و مەحموود سادقی”، بە تۆمەتی ئەندامەتی و هاوکاریکردنی حیزبەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەپاندووە.