داکۆکی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە زارا محەممەدی

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی داوای ئازادکرانی خێرای زارا موحەممەدی، مامۆستای دەسبەسەر کراوی کورد دەکا.
زارای موحەممەدی کە بە کچی نیشتمان ناسراوە، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی چالاکی ئەنجومەنی فەرهەنگی “نۆژین” لە شاری سنە، ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و هیچ هەواڵێک سەبارەت بە دۆخی جەستەیی و دەروونیی ناوبراو بڵاو نەبووتەوە. ئەو کچە کوردە کە پێشتر وەکوو ئەندام و بەرپرسی ئەنجومەنی نۆژین دەسبەسەر کرابوو و بێ هیچ بەڵگەیەک بۆ ماوەیەکی زۆرە کە لە گرتووخانەکاندا ڕایانگرتووە.
هەر لەو پێوەندییەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای ئازادکردنی بێ مەرجی “زارا”ی کردووە کە بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی وەڵامی ئەو داواکارییە ناداتەوە و ئەو ڕێکخراوەیە داوای لە کۆمەڵانی خەڵک کردووە کە بە ناردنی نامە بۆ بەرپرسانی دادگاکانی سنە، داوای ئازاد کردنی زارا محەممەدی بکەن.
لەو داواکارییەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باس لەوە کراوە کە زارا محەممەدی چالاکێکی مەدەنییە و هیچ ڕەوا نییە کە کچێکی چالاک بەو شێوەیە لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕابگیرێ. زارا بە تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کراوە و بە هەوڵدان بە دژی تەناهیی نەتەوەیی مەحکووم کراوە.
شایانی باسە کە زارا محەممەدی لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی بە ناوەکانی ئیدریس و ڕێبوار مینبەری دەسبەسەر کران کە پێشتر ئیدریس و ڕێبوار خێرا ئازاد کران و زارا بەردەوام لە گرتووخانەدایە. ئیدریس مینبەری، بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی نۆژین و ڕێبوار مینبەری، یەکێک لە ئەندامە هەڵسووڕاوەکانی ئەو ئەنجومەنە بوون کە لەلاین هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کران و دوای تێپەڕاندنی ماوەیەکی کورت ئازاد کران.
زارا محەممەدی کە بڕیار بوو بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد بکرێ، دادگا لەگەڵ دانانی بارمتە دەنگی نەرێنیی داوە و بڕیارەکەی هەڵوەشاندۆتەوە.