بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی خەڵک لە شارەکانی کوردستان

کەشی سەرکوت و دەسبەسەرکردنی خەڵکی ناڕازی و خۆپێشاندەر هێشتا بەسەر کوردستاندا زاڵە و ڕۆژانە هێزەکانی ڕێژیم خەڵک ڕاپێچی بەندیخانەکان دەکەن.
لەگەڵ هەر خۆپێشاندان و چالاکی و ناڕەزایەتییەک، گەنجان و لاوانی کوردستان زیاتر دەکەونە بەر هێرشی هێزە ئەمنییەکان و دسبەسەر دەکرێن. زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە خۆپێشاندانەکاندا دەسبەسەر کراون، بە هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران تۆمەتبار کراون. لەو پێوەندییەدا ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە سێ هاونیشتمانیی کوردی خەڵکی گوندی “نێ”ـی سەر بە شاری مەریوان دەسبەسەر کراون. ئەو سێ کەسە بە ناوەکانی: فەردین بەدەخش، سینا جاست و هادی راستی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراون.
شایانی باسە کە سینا جاست جارێکی دیکەش هەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم دەسبەسەر و دوای مانگێک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
هەروەها هادی ڕاستی، ساڵی ٩٥ بە بۆنەی سووتاندنی ئاڵای کۆماری ئیسلامی لە ڕێوڕەسمی نەورۆز دەسبەسەر کرابوو و دوای دوو ساڵ و تێپەڕاندنی دەروانی حوکمەکەی ئازاد بوو. ئەوە تەنیا نموونەیەکی چکۆلەی دەسبەسەرکردنەکانی خەڵکە لە شارەکانی کوردستان.
هەر لەو پێوەندییەدا، موحەممەد مەهدیان، فەرماندەی هێزە ئەمنییەکانی لوڕستان باسی لە دەسبەسەر کردنی ١٧ کەس لە ڕێبەر و ڕێکخەرانی خۆپێشاندانەکانیان لەو ناوچانە کرد
هاوکات عەلی ئەکبر جاویدان، فەرماندهی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە کرماشان ڕایگەیاندووە کە ٣ کەس لە بەڕێوەبەرانی خۆپێشاندانەکان گیراون و لە بەندیخانەدان.
لە شارەکانی سنە، ئیلام، جوانڕۆ، بۆکان و چەند شارێکی دیکە، خەڵکێکی زۆر دەسبەسەر کراون و کەسوکاریان هەواڵیان لە دەسبەسەرکراوەکان نییە.
ئاماری قوربانیانی ئەو دواییانەی خۆپێشاندنەکان لە کوردستان زیاتر لە ٧٠ کەس ڕاگەیێندراوە و برینداربووانی ئەو خۆپێشاندانانە دەگاتە سەدان کەس کە تا ئێستا ئامارێکی دروست لەبەردەستدا نییە.