دەسبەسەرکرانی چالاکێکی مەدەنی لە شاری شنۆ

یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان ڕۆژی سێشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی “ڕەشید ناسرزادە”، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی شنۆ کە هاوکات ئەندامی گرووپی “پێشڕەو”ی ئەو شارەیە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕەشید ناسرزادە لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان و لە جاددەی پیرانشار بۆ شنۆ دەستبەسەر کراوە.
ڕەشید ناسرزادە، جارێکی تر لە خەرمانانی ساڵی ٩٧ی هەتاوی دوای ناڕەزایەتی بە ئێعدامی سێ زیندانیی سیاسیی کورد دەسبەسەر کرابوو و دوای چەند کاتژمێر لێپێچیەنەوە ئازاد کرابوو.
سەرەڕای تێپەڕینی ٢٤ کاتژمێر لە دەستبەسەرکرانی ناوبراو و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، چارەنووسی ئەو چالاکە مەدەنییە ناڕوونە و نازانرێت کە لە کوێ ڕاگیراوە.
شایەنی باسە کە ڕێژیمی ئاخوندی تەنیا بە سەرکوت و زەبری هێز دەیهەوێ خەڵک بێدەنگ بکا و لە هەر دەنگێکی ناڕازی کە بۆ سەرەتاییترین مافی ئینسانی بێ، دەترسێت و پێیوایە کە بە گرتن و لێدان و کوشتن دەتوانێ مانەوەی خۆی بسەلمێنێ.