ڕوون بوونەوەی ناسنامەی دەیان کەس لە دەسبەسەر کراوانی کوردستان

+

لەدوای گرتن و دەسبەسەرکرانەکانی خۆپێشاندەرانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ ناسنامەی ٣٧ کەس لە دەسبەسەر کراوەکانی کوردستان ڕوون بۆوە.
زیاتر لە یەک مانگ و نیو لە دەسپێکی خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تێدەپەڕێ. لە ڕەوتی ئەو خۆپێشاندانانەدا نزیک بە ٢هەزار کەس لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمە گیانیان لە دەستدا و بە هەزاران کەسیش دەسبەسەر کران.
لەو پێوەندیەدا هەواڵدەریی هێرانا، ناسنامەی ٣٧ کەس لە دەسبەسەرکراوەکانی خۆپێشاندانەکانی کوردستانی ڕوونکردەوە کە لەو خۆپێشاندانانەدا زیاتر لە ١٠هەزار کەس لە شارەکانی ئێران دەسبەسەر کران و ناوەندە ئەمنیی و پێوەندیدارەکان بە شێوەیەکی هەماهەنگ لە ڕوونکردنەوەی ناسنامەی دەسبەسەرکراوەکان خۆیان پاراستووە کە تا ئێستاش ئاماری ڕاستی دەسبەسەرکراوەکان بۆ کەس ڕوون نەبۆتەوە و دیار نییە چەند کەس کوژراو یا بریندار و دەسبەسەر کراون.
لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی ‌هێرانا ،ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، لە درێژەی هەوڵ و چالاکییەکانی خۆیدا ناسنامەی ٣٧ کەسی لە شارەکانی سنە، مەریوان و سەقز، ڕوون کردەوە کە پەرەوندەکانیان دراونە دادگای ئینقلابی ئەو شارانە.
شایانی باسە کە ئەو کەسانە لە خۆپێشاندانە سەرتاسەریەکەی مانگی خەزەڵوەردا کە لە ٢٤ تا ٢٩ی خەزەڵوەر لە لایەن هیزە ئەمنییەکانی شارەکانی سنە، مەریوان سەقز دەسبەسەر کرابوون و بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار بەهۆی زۆربوونی دەسبەسەر کراوان و پێڕانەگەیشتنیان پەروەندەی بەشێکی زۆر لەو کەسانە بۆ دادگای شاری کامیاران نێردرابوو تا لەوێ دادگایی بکرێن.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو کە ژمارەیەکی بەرچاو لە دەسبەسەر کراوەکان لە کاتی لێپرسینەوە بۆ دانپێدانانی زۆرە ملی لەگەڵ بێ ڕێزی و ئازار و ئەشکەنجەی کاربەدەستانی ئەو ناوەندانە بەرەوڕوو بوونەتەوە.