دەسبەسەر کرانی دوو هاونیشتمانیی کورد

دوو هاونیشتمانیی کورد لە سنە و مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ بەندیخانە ڕاگوازران.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان، “عوسمان دل‌ئەنگیز” لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بانگهێشت و دوای دەسبەسەرکردنی و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازرا.
ناوبراو پێشتر لە مانگی گەلاوێژی ٩٧ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی مەریوانەوە دەسبەسەر و دوای ماوەیەک بەدانانی بارمتە ئازادکرا.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی پێنجشەممە “پەروین ئەدوایی” چالاکی مەدەنی بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ٢ ساڵ حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی سنە کرا.
ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەریوانەوە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، بە پێنج ساڵ بەندکران حوکمدرابوو و دواتر لەدادگای پێداچوونەوەدا حوکمەکەی بۆ ٢ ساڵ کەم کرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان، لە زمان سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراوەوە “پەروین ئەدوایی” نەخۆشی تیرۆئیدی هەیە و دەبێ لەژێر چاوەدێری پزیشکی دابێ.
ئەو چالاکە ژنە ڕۆژی پێنجی گەلاوێژی ٩٨هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرشیان کردە سەر ماڵی ناوبراو و دوای دەسبەسەر کردن بۆ گرتووخانەی ئەمنییەتی شاری سنە ڕاگوێزراوە.
شایانی باسە کە “پەروین ئەدوایی” لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە بواری مافی ژنان، منداڵان، و ژینگەیی لە شاری مەریوان چالاک بووە و لەو ڕیگەیەوە خزمەتێکی زۆری بە دۆخی نالەباری ژنان و مناڵان و ژینگەی کوردستان کردووە.