نالەباری دۆخی زیندانییەکی سیایی کورد

دۆخی زیندانییەکی سیاسیی کورد پاش چەند ڕۆژ لە مانگرتن نالەبارە.
دۆخی جەستەیی زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی “سەلام مەردان” کوڕی “خالید”، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی “سەوجە” سەر بە شاری شنۆ، لە زیندانی ورمێ، بەهۆی مانگرتن لە خواردن نالەبارە.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ئەو زیندانییە سیاسییە بەهۆی مانگرتن لە خواردن تووشی لاوازی بووە و بەرپرسانی زیندانی ورمێ، سەبارەت بە باری تەندروستیی ئەو زیندانییە کوردە کەمتەرخەمن.
جێی ئاماژەیە، ڕۆژی شەممە، ١٢ی ڕێبەندان، “سەلام مەردان” بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە ناڕوونیی چارەنووسی مانی لە خواردن گرتووە، ناوبراو چەندین جار بۆ داداگایی کردن بەڕێی دادگا کراوەو دوای لێکۆڵینەوەو ئەشکەنجەیەکی زۆر تا ئێستا حوکمی زیندانییەکەی دیاری نەکراوە.
شایانی باسە، ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، سەلام مەردان لە شوێنی کارەکەی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان دەسبەسەر دەکرێت و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیشیدا تەنیا ڕۆژی دووشەممە، ٣ی بەفرانبار بۆ ماوەی ١٠ خولەک توانیویەتی چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت.