نالەباریی دۆخی تەندروستیی زیندانییەکی سیاسی کورد

دۆخی تەندروستیی زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی “مەجید تیباش” خەڵکی “دزە”ی مەرگەوەڕ لە بەندیخانەی ورمێ نالەبارە.
ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە کە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان نەشتەگەری بۆ کرابوو ئێستا تەندروستیی جەستەیی خراپە و پێڕاگەیشتنی پزیشکی وەک پێویست بۆ ناکرێت.
جێی ئاماژەیە، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، سەرەڕای دەرکردنی بەخشنامەیەکی نوێ لەلایەن بەرپرسی هێزی دادوەریی ئێران کە بە پێی ئەو بەخشنامەیە هەر زیندانییەک کە بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” و ماوەی زیندانییەکەیان کەمتر لە ٥ ساڵ بێت بە شێوەی کاتی مافی مەرەخەسیان پێدەدرێت بەڵام ناوبراولە مافی مەرەخەسی بێبەشە.
جێی بیر هێنانەوەیە کە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی پووشپەڕ، ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەسبەسەر و دواتر بۆ تەواو کردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرابوو.
مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لقی سێی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، “مەجید تیباش” ی بە تۆمەتی ” ئەندام بوون و چالاکیی تەبلیغی لە بەرژەوەندی یەکێک لە حیزبەکانی دژبەری ڕێژیم” بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.
ناوبراو پیشتریش لە ساڵی ٩١ی هەتاوی، لە سەر بڕیاری ناوەندی چاودێری زانکۆی عیلمی_کاربوردیی شاری ورمێ بەهۆی هەبوونی ئاڵای کوردستان لەسەر لاپتابەکەی لە درێژەدان بە خوێندن بێبەش کرا و لە ساڵی ٩٢ی هەتاویش لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ماوەیەک لە گرتوخانە ئازاد کراوە.