ڕاپەڕینی بەندکراوانی بەندیخانە مەهاباد و کوژران و برینداربوونی ٦ بەندکراو

بە هۆی ڕاپەڕینی بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەهاباد و دەستڕێژی هێزە ئەمنییەکان لە بەندکراوان، ٦ بەندکراو کوژراون یان بریندار کراون.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتووبەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ٢٧١٠ (٢٩ی مارسی ٢٠٢٠)، نزیکەی ٣٠٠ بەندکراوی ڕاگیراو لە ٦ بەند لە کۆی ٧ بەندی بەندیخانەی مەهاباد بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بێبەش بوون لە مافی مرەخەسی و ڕێگری بەرپرسانی بەندیخانە، ڕاپەڕین.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ئاکامی ڕاپەڕینی بەندکراوان و شکاندنی ٤ دەرگای بەندیخانە و ئاگردانی بەشێکی زۆر لە کەرەستەکانی ناو بەندیخانە بەتایبەت لە نهۆمی دووهەم، هێزەکانی سپای پاسداران بەندیخانەیان گەمارۆ داوە و دەستڕێژیان لە بەندکراوانی ناڕازی کردووە.


ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، هێزەکانی سپای پاسداران تەقەیان لە بەندکراوانی ناڕازی کردووە و لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونەدا بەندکراوێک گیانی لە دەست داوە و پێنج بەندکراوی دیکەش بریندار بوون. هەتا ئێستا ناسنامەی ئەو بەندکراوەی کە گیانی لە دەست داوە ئاشکرا نەبووە.


یەکێک لە هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانە وێرای پشڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕاگەیاند، ئەو بەندکراوەی کە گیانی لە دەست داوە پیاوێکی بەساڵاچوو بووە، بەڵام هێشتا دیار نیە بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران کوژراوە یان لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونی دەستەویەخە بووە. ئەو ئەندامەی هێزە ئەمنییەکان لە درێژەدا وتی کە هەتا ئێستا هیچ یەک لە بەندکراوە بریندارەکان بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانیەکان نەکراون.


لەلایەکی دیکەوە، باوکی یەکێک لە بەندکراوانی بەندیخانەی مەهاباد کە حوکمی سێدارەی هەیە و خۆی هەر لە یەکەم کاتژمێرەکانی دەستپێکی ڕاپەڕینی بەندکراوان لە پێش دەرگای بەندیخانە حزووری هەبووە، ڕاگەیاند کە هیچ یەک لە بەندکراوەکان نەیانتوانیوە کە هەڵبێن.


بنەماڵەی بەندکراوێکی دیکەش لە پەیوەندییەدا ڕایانگەیاندووە کە شەقامی محەمەد قازی بە تەواوەتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە و هێزە ئەمنییەکان لە دەورووبەری بەندیخانە و سەر بانی بەندیخانە و کۆڵانەکانی دەورووبەر جێگیر بوون.