ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی: کۆماری ئیسلامی دەبێ دەسبەجێ زیندانیانی سیاسی ئازاد بکا

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای دەسبەجێ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی لە زیندانەکانی ئێراندا دەکا.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوی کردەوە داوای لە کۆماری ئیسلامی کردوە کە بە هۆی پەتای کۆرۆنا و دۆخی نالەباری زیندانیانیی سیاسی و نەبوونی ئیمکاناتی تەندروستی لە زیندانەکاندا بۆ پاراستنی گیانی زیندانییەکان دەسبەجێ هەموو زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەکان و ئەوانەی لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا دەسبەسەرکراون و ئەوانەی لەپێوەندیی لەگەڵ مافی مرۆڤ گیراون ئازاد بکا.
شایانی باسە کە سەدان کەس لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی، ڕووناکبیران و مامۆستایانی زانکۆ لە چەندین نامەی جیاوازدا داوای ئازادکردنی زیندانییەکانیان کردوە بەڵام کۆماری ئیسلامی تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ ئەو داوایە هەڵنەگرتوە، بەڵکوو بەردەوام خەریکی دەسبەسەرکردنی خەڵکی ناڕازی و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ئێرانە.
پاش گوێنەدانی کۆماری ئیسلامی بە داوای بنەماڵەی زیندانیان و ڕێکخراو و کەسایەتییە ئێرانی و نێونەتەوەییەکان، لە چەند شارێکی ئێران زیندانییەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی و سەرهەڵدان و تێکهەڵچوون هاتە ئاراوە و، چەند کوژرا و برینداری لێکەوتەوە و دەیان کەسیش لە زیندانەکاندا هەڵاتن. لە دوای شارەکانی “خوڕەم ئاوا، ئەلیگوودەرز، تەورێز،هەمەدان، مەهاباد، شیراز و سەقز لە زیندانی سپیداری ئەهوازیش سەرهەڵدانی زیندانییەکان ڕوویداوە و هەموو شەقامەکانی ئەو شارە میلیتاریزە کران.
ئەمانە هەمووی ئاماژەیە بۆ دۆخی خراپی زیندانی و زیندانەکان و کەمتەرخەمی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ئاست گیانی زیندانییەکاندا.