دەستبەسەر کرانی دوو برا لە پیرانشار، تۆمارکرانی چوار حاڵەتی لەو شێوە لە ١٠ ڕۆژدا

خۆڕاگری: دوو برای خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کران. لەو دە ڕۆژەدا دوو برا لە بانە، دوو برا لە سنە و سێ برای دیکە هەر لە بانە دەستبەسەر کراون.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٤ی مەی ٢٠٢٠)، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی پیرانشار بە ناوەکانی ”ئەحەد مەحموود حەسەن“ و ”ئەبووبەکر مەحموود حەسەن“ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو لاوە کە کوڕەمامی یەکتری بوون، بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون. بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە هەتا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و چارەنووسی ئەو دوو کەسە ناڕوونە.


بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان، لەماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا چوار حاڵەتی دەستبەسەر کردنی بە کۆمەڵی بنەماڵەیی لە شارەکانی بانە، سنە و پیرانشار تۆمار کراوە.


ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕ (٣ی مەی)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە دوو برای خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوەکانی ”تاریق و بنیامین ڕەحیم پوور“ دەستبەسەر کرد.


هەروەها، ڕۆژی یەکشەممەی حەفتەی پیشووش دوو برای خەڵکی بانە بە ناوەکانی بێستوون و فەرهاد ئەحمەد پوور لەگەڵ ئامۆزایەکیان بە ناوی هادی ئەحمەدپوور دەستبەسەر کراون.


ڕۆژی پێشتریش، سێ برای خەڵکی بانە بە ناوەکانی “کەریم، بارزان و خەلیل کەریمی” لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرابوون.