بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی بانە حوکمی سێداەرەی بەسەردا سەپا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی بانە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپاوە.

بەپێی هەواڵی گەییشتوو، سامان کەریمی کوڕی محەممەدساڵح خەڵکی بانە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەیدی  بە تۆمەتی “هاوکاری وئەندامەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” حوکمی سێدارە و ١٣ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە بانەمەڕی ٢٧١٨ (مانگی مەی ٢٠١٨) لەلایەن ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کراوە، ناڕەزایەتیی خۆی بە نیسبەت ئەو حوکمە سەپێندراوە دەربڕیوە. دۆسیەی ناوبراو بە مەبەستی پێداچوونەوە نێردراوەتە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە.

سامان پاش هێرش بۆ سەر پایەگای هێزەکانی حکوومەت لە گوندی زەرواو سەر بە بانە لە ڕێکەوتی  ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧١٨  (١٠ی مانگی مای ٢٠١٨) دەستبەسەر کراوە و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە.

دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە مەدەنیە لە کاتێکدایە کە بەرپرسیارەتیی ئەو هێرشە لەلایەن هەڵۆکانی زاگرۆس، گرووپێکی نزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وە ئەستۆ گیرابوو.