بانگەوازی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

مەترسی لە ئەگەری ئیعدامی زیندانیەکی سیاسی تر بە ناوی ئەرسەلان خودکام؛ ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکا کە لە ئاست ئەو مەترسییە کە هەرەشە لە گیانی زیندانیانی سیاسی دەکا بێ دەنگ نەبن و بە زووترین کات گوشار بخەنە سەر ناوەندەکانی بریار لە کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی گیانی زیندانی سیاسی.


بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان گەیشتووە لەو بارودۆخەی کە ناوچەکەو ئێرانی پێدا تێدەپەری مەترسیەکانی نەخۆشی کورونا و سەرقاڵ بوونی جیهانی دەرەوە بەو پەتایە بۆتە هۆی بێ ئاگا بوونی زیاتری ناوەندەکانی مافی مروڤ لە سەر وەزعی زیندانیانی سیاسی، کۆماری ئیسلامی ئەوە بە دەرفەت دەزانێ بۆ تەسویە حیساب لە گەڵ بەندکراوانی سیاسی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران .



ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرنجدان بە بەڕێوەچوونی زنجیرەیی لەسێدارەدراوەکان لە بەندیخانەکانی سنە، کرماشان و ورمێ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نیگەرانیی خۆمان لە ئەگەری بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانی بەنکراوانی تری مەحکووم بە ئێعدام ڕادەگەیەنێن و داوا لە هەموو ڕێکخراو، ناوەند و هەروەها چالاکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە بە شێوەیەکی جیدی هەوڵەکانی خۆیان بۆ پێشگرتن لە بە بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە سیاسیانەی کورد بخەنە گەڕ.

ئەرسەلان خودکام ٥٧ ساڵە خەڵکی شاری مهابادە و لە دووی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی بە تاوانی” هاوکاری لەتەک حیزبە کوردییەکانی دژ بەری کۆماری ئیسلامی ئێران” گیرا و بۆ ماوەی ٣٦ ڕۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای “المهدی” ورمێ لەژێر لێپرسینەوە دابووە.

دواتر ئەم زیندانییە کوردە بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازراوە و لە ٨ی پووشپەری هەمان ساڵ لەلایەن کەرتی یەکی دادسەرای نیزامی ورمێ حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا.

هیدایەت عەبدووڵاپوور یەکێکی تر لەو بەنکراوە سیاسیانەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە بەندەکەی خۆی لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ٢٧١٦ (١٥ی ژوئەنی ٢٠١٦) هاوڕێ لەگەڵ دەیان کەسی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دوای نزیک بە سێ مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ و ئەشکەنجەیەکی زۆر، بۆ بەندیخانەی ورمێ گوازرابوویەوە.
ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ٢٧١٦ لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پێشمەرگەکانی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان لە تێکهەڵچوون لەنێوان پێشمەرگەکانی و هێزەکانی سپای پاسداران هاتە ئاراوە، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٢٤ی بانەمەری ٢٧٢٠