خالید فەرەیدونی

خالید فەرەیدونی خەرمانانی ساڵی ۷۹ دەسبەسەر كرا و بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئەمنیەتی میللی و و شەڕ لەگەڵ خودا بەهۆی ئەندامبوونی لە حیزبێکی کوردیی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی دادگایی و بە بڕیاری دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد حوكمی ئێعدامی بەسەردا سەپا.

حوکمی ئێعدامی خالید پاش ۳ ساڵ و نیو لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ زیندانی هەتاهەتایی داشکا. ئەو ئێستا لەبەندی ۴ و ساڵۆنی ۱۲ی بەندیخانەی ڕەجایی شاردا بەند کراوە.

خالید فەرەیدونی، بەندكراوی سیاسیی كورد ماوەی ۱۷ ساڵە بەند كراوە و هەتا ئێستاش لە هەموو مافێکی زیندانییەکی سیاسی و تەنانەت زیندانییەکی ئاساییش بێبەشە.

خالید فەرەیدونی، زیندانیی سیاسیی کورد کە زیاتر لە ۱۷ ساڵە بەند کراوە، قانوونی ئازادكرانی بە مەرج دەیگرێتەوە، بەڵام نەک ئەو داوایەی لەلایەن کاربەدەستانی زیندانی ڕەجایی شارەوە وەڵامی پێ نادرێتەوە، بەڵکوو تەنانەت مەرەخەسییەکی چەند ڕۆژەشی نادەنێ ولە سەرەتایترین مافەكانی زیندانییەکی سیاسی بیبەش كراوە.

خالید فەرەیدونی لەگەڵ عومەر فەقێ‌پوور، چالاكی سیاسیی كورد دەسبەسەر كرا و دوای دادگاییکردنی بۆ  ماوەی چەند ساڵ لە بەندیخانەكانی پیرانشار و مەهاباد و ورمێ‌دا ڕاگیرا و پاشان بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شارە كەرەج دوورخرایەوە.