لەم بەندەی گرتووخانەی مەهاباد، ژین، ژیانی سەربەرزی دەهۆنێوە.

بەشی یەکەم رێباز ئازەرپوور هێستا تامەزرۆیی و شا گەشکە بوونی، هاتنە دەر لە ژووری تاکەکەسی و هاتنم بۆ بەندیی گەورەی مەهاباد، نەشکابوو، یەکەم کەسێك کە بە زێهنم گەیی لە ناو بەند بانگی کەم برای گەورەم کاك ” ج ق” بوو. قەت نەمدیتبوو! ئاخر لە داڵانی ژوورە تاکە کەسییەکان، هەر لە ڕێی لوولەی شۆفاژەکانی ناو تاکەکەسییەکان “ئەویش بە دەنگی کوتان بە لوولەکان ” زانیبوومان کە هەر من و کاك “ج ق” لەم تاکە کەسییانە داین. تا بڵێی کوڕێکی مەند و لە سەرە خۆ بوو، ئاخر جار نا جارێک بە کولانەی سەر دەرگای ژوورە تاکە کەسێکانمان پێکەوە قسەشمان دەکرد و کاك “ج ق” بە هەندێ قسەی شۆخی پەیامی خۆڕاگری دەدامێ.. ماوەی نزیک دوو مانگێک ئاوا پێکەوە بووین.. چوومە ناو بەند، لەوی و لەوم پرسی! کاک “ج ق” لێرەیە؟ جوان چاکێك کە هیوا و ورەیی لە هەیبەتی بەرزی و لە ڕاوێژی زاری دا، زۆر جوان دیار بوو، بانگی کردم! کوتی لە بەندی ۳، کوپەی ژمارە ٤ رە. مەسئوول بەند، پێشتر منی دابوو بەو کووپە، کە چوومە ژوور، چەند کەس پێکەوە دانیشبوون. مام غەفوور سوڵتانفەڕ “بەیرەم” مام عەزیز باوەجانی” سۆفی” کاک کاوە خزری کاک ئەمیر دانشمەند کاک جەلال مەرجانی “خانەخەل” زۆر بە گەرمی لە باوەشیان کردم و بە سیمای شێواوم ڕا زانیان لە تاکە کەسییەکانی ئیتلاعاتەوە هاتووم و هەر زۆر زوو، وەك بەندییەکی سیاسی هڵسوکەوتیان لەگەڵ کردم. بە پێی وەی کە تەمەنم لە هەموو بەندییە سیاسییەکان کەمتر بوو، مام غەفوور سوڵتانفەڕ کە هەم کەم ئەندامی حیزب بوو و هەمیش بەندیی سیاسی بانگی کردم و لە سەر هەیبەتی بەرزی بەندییە سیاسییەکان قسەی بۆ کردم و یەکەم قسە کە پێی وتم ئەوە بوو: ئێرە سەنگەری خۆڕاگری حیزبی دێموکراتە و دەبێ بزانی چلۆن هەڵسوکەوت دەکەی. چەند رۆژێک بەسەر چوو! کەسێک کە بە شەققە دەرۆیشت و مووی سەری ماش و برینجی بوو، لە کاتی شۆردنی جلەکانی بانگی کردم، نێوی کاک محەممەد شاروێرانی بوو، بە پێکەنین و قسەی خۆش هەندێ یاسای بەندییە سیاسییەکانی پێ وتم و دوای کۆتایی قسەکانی بەڵێنیم پێدا کە وەک خۆیان بم. زۆری تێڕامام! ئاخر بە خۆیی و بە لاقێکی بڕدراوەوە کە برینەکەشی بەردەوام چڵکی دەکرد، خەریکی جل شوردن بوو! رۆژەکان تێدەپەڕین و هەر رۆژێک لە تەک بەندییەکی سیاسی دەبوومە هاورێ.. جوان چاکە باڵا بەرزەکە لە کوپەی ۳ی بەندی ۳ بانگی کردم، نەمدەزانی کێیە! چوومە لای و سپاسم کرد کە رۆژی هەوەڵ کە هاتبوومە ناو بەند کاک “ج ق” پێ ناساندبووم.. تا بڵێی کوڕێکی لەسەرە خۆ و قسە خۆش بوو. چەند پرسیارێکی لێکردم و دوای وڵامدانەوەم، فەرمووی ئەمن کەریم تووژەڵەم. لەگەڵی بوومە هاورێی و بە هۆی وەی کە خەڵکی ئاوایی تووژەڵ بوو و لە سەر دوای خۆشی دەبوو بنەماڵەی بەندییە سیاسییەکان یەکتر بناسن و هاموشوێی یەکتر بکەن، کە ئەوەش بوو بە هۆکارێک بنەماڵەکان دڵگەرمتر بن بە نیسبەت کوڕەکانیان کە لە گرتووخانەن… ژین لە ناو ئەو گرتووخانە هەر دەهات و زیاتر خۆشتر دەبوو.. لە حەساری زیندان هەمیشە چەند کەسێکی کە تەمەنیان نزیک ٥۰ ساڵ دەبوو، خەریکی وەرزش کردن دەبوون و ئەمنیش هەندێ جار لە دوورەوە چاوم لێدەکردن! ئاخر ئەوان وا بە دڵگەرمی وەرزشیان دەکرد کە دەتکوت هەر دەڵێی لە ماڵە خۆیانن! لە گەڵ وانیش بووم بە هاوڕێ و زۆر جار ئەوان بۆ چا خواردنەوە و …. بانگیان دەکردم. یەکیان نێوی کاک مەولوود قادری بوو و ئەوەی تریشیان کاک سەید خدر کە بە داخەوە شۆرەتیم لە بیر نەماوە. ئەوان کۆڵەکەی بەندییە سیاسییەکان بوون و دەریایەک بوون لە خۆڕاگری و وێنایەکیش بوون لە هێمای بەندییە سیاسییەکان. هەر دووکیان بەندی سیاسیی بوون و ئەو کات “۱۳۷۹”ٚ ماوەی نزیک به دە ساڵ دەبوو لە گرتووخانە بوون. رۆژگار دەهات و زوو تێدەپەڕی… دوو کەسیان بە نێوەکانی، کاک خالید فەرەیدوونی و کاک عومەر قەبا کەندی، هێنا ناو بەند، بۆنی خوێنیان لێدەهات، زۆر شپرز بوون، زوو خۆمان گەیاندە لایان و هەندێ پێداویستی سەرەتاییمان بۆ دابین کردن.. ئەوان لە ڕوانگەی ئێمەوە شپرز بوون، کە قسەمان لەگەڵ دەکردن، بەحری بێ بن بوون لە خۆڕاگری و… رۆژگارەکان هەر دەهات و زیاتر لە پێشوو وانەکانی خۆڕاگری پێدەوتمەوە لە بەشەکانی داهاتوو دا باس لەو نەهامەتییانە دەکەم کە بەسەر بەندییە سیاسییەکان هاتووە.. تایبەتەن ئەو بەندییە سیاسییانەی کە سزای لە سێدارە دانیان بەسەردا سەپا بوو